سێبەری قورسی قەیرانی دارایی بەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە/ کورد دەنگی خۆی دەهێنێتەوە

بەشی جیهان- دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەێمانگای چاودێریی جیۆستراتێژیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردپرێسی وتووە قەیرانی دارایی لە دەنگی دەنگدەرانی ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکانی تورکیا کارتێکە ردەبێت بەڵام کورد هەردەنگی خۆی دەهێنێت.

کوردپرێس:

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا 31ی ئازاری 2019 بەڕێوە دەچێت و ئێستا تەنیا دوو ڕۆژ ماوە بە دەستەوە ماوە کە لایەنەکان بانگەشەکانی خۆیان تەواو بکەن و ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە بچێت. پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەپێدان چەندین ساڵە حیزبی باڵادەستە و دەسەڵاتەکانی تورکیا دەگێڕێت بەڵام ئەمساڵ هەستی بە مەترسی کردووە. کورد هەمیشە بەشێکی هەرەگرینگی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بووە. ئاکپارتی پێش هەموو شت هەوڵی داوە دەنگی نەتەوەخوازەکان کۆ بکاتەوە و بەو مەبەستەش دەستی داوەتە دژایەتی کردنی کورد و هەرچیی لە دەست هاتبێت کردوویەتی جا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی تورکیاش. ئەگەرچی زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لەو قەناعەتەدا بوون کە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان هێرشی دژی کوردی سووریا دەست پێدەکات بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژ بە دەستەوە ماوە و ئەردۆغان ئەو هێرشەی نەکرد.

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەێمانگای چاودێریی جیۆستراتێژیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆڵیژی ئەمریکیی "نیکۆزیا"ی قیبرس بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە هۆکاری ئەوەی کە ئەردۆغان هێرشی نەکردۆتە سەر کوردی سووریا ئەوەیە کە حکومڕانیی تورکیا لە قەیرانێکی داراییدایە.

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە قەیرانی دارایی لە دەنگی دەنگدەرانی ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکانی تورکیا کارتێکە ردەبێت بەڵام کورد هەردەنگی خۆی دەهێنێت.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەیمانگای چاودێریی جیۆستراتێژیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆڵیژی ئەمریکیی "نیکۆزیا"ی قیبرس کە هاوکات توێژەری پەیمانگای توێژینەوەی خۆرهەڵات لە زانکۆی پانتیۆنی یۆنانیشە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاری تورکیا چییە؟ بە بڕوای ئێوە ئایا کورد دەتوانێت ئەنجامی باشتر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو مسۆگەر بکات؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس: بە قەناعەتی من دەبێت سەرەتا ئەو ڕەهەندە لە بەرچاو بگرین کە ئەم خولەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە قەیرانێکی ئابووریدا ئەنجام دەبێت و ئەوەش لە ڕەفتاری دەنگدەراندا کارتێکەر دەبێت و دیارە دەتوانێت ئەنجامەکەش بگۆڕێت. تورکیا لە قەیرانی داراییدایە و ڕێژەی هەڵاوسان دەسەڵاتی ئابووریی هاووڵاتییانی کەم کردۆتەوە و بێ گومانی شوێندانەریی خراپی لە هەڵبژاردنەکانیشدا دەبێت. بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییانەی کراوە ئەگەر هەیە کە ئاکپارتی تەنانەت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ مەهەپەش نەتوانێت سەدا 50ی دەنگەکان مسۆگەربکات.ئەوەش لە کاتێکدایە لە خولی ڕابردووی هەڵبژاردنەکاندا سەدا 51یان بەدەست هێنابوو. بەڕای من ئاکپارتی سەرنجی خستۆتە سەر گەوڕەشارەکان و لەو شارانەدا هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدات. بۆ نموونە بیناڵی یێڵدرم سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بۆ شارەوانیی ئەستەنبۆڵ کاندید کراوە. ئەوەش لە بیر نەکەین کە هەژموونیی سیاسیی ئەردۆغان لە سەر بنەمای هەژموونیی ئابووریی حیزبی دەسەڵاتداری دادوگەشەپێدان بونیات نراوە.

لە بارەی پارتی دیموکراتیکی گەلانیشەوە دەبێت ئەوە بڵێم کە بە قەناعەتی من هەمان ئەنجامی خولی پێشووی هەڵبژاردن مسۆگەر دەکەن کە سەدا 11ی دەنگەکان بوو.

کوردپرێس: پێ دەچێت ئەمریکا و تورکیا نەیانتوانیوە لە بارەی مەسەلەی کوردی باکووری سووریاوە بگەنە ڕێککەوتن. ڕای ئێوە چییە؟ ئایا ئەمریکا بۆ پارێزگاری کردن لە کوردی سووریا ناوچەی ئارام پێکدەهێنێت؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس: لەگەڵ قسەکەتم. بە بڕوای منیش ئەمریکا و تورکیا نەیانتوانیوە بە شێوەیێک لە شێوەکان لەبارەی کوردی سووریاوە لەگەڵ یەک ڕێکبکەون. ئەوەندە بەرژەوەندیی دژبەیەک لە سووریا لە نێوان زلهێزەکاندا لێکئاڵاوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر ئەو بابەتە زەحمەتە. سەرەڕای ئەوەش پێوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی خراپەوە و ئەوەش ڕێگە نادات لە سەر مەسەلەی کورد ڕێکبکەون. لە بارەی ناوچەی ئارامیشەوە کە پرسیارت کرد وەڵامم نەخێرە. لە بەر ئەوەی لەمپەر و ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارام یەکجار زۆرن. لە ڕاستیدا ئەمریکا هەوڵی زۆری دا قەناعەت بە هاوپەیمانە غەربییەکانی بهێنێت کە ئەو ناوچە ئارامە لە باکووری سووریا دروست بکات بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوای هاوپەیمانی ئەمریکا ملیان بەو داوایە نەدا.

کوردپرێس: خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بینیمان کە ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنەکان هێزی جووڵاند و هێرشی کردە سەر کوردی سووریا. لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان کە دوو ڕۆژی ماوە ڕای ئێوە چیە؟ ئایا هێرشی وا دەکاتەوە سەر کورد؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس:بە ڕای من تورکیا پێش هەڵبژاردنەکان هێرش ناکاتە سەر کوردی سووریا تەنانەت پاش هەڵبژاردنەکانیش ئەو هێرشە هەر وا ئاسان نابێت. منبەج و تێکڕای ناوچەی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات ئەگەر لەگەڵ عەفرین هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین بابەتەکەیان زۆر لێک جیاوازە. خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات زۆر بەرفراوانترە و لێکئاڵانی بەرژەوەندیی زۆر وڵاتی بە قووڵی لە خۆیدا بینیوەتەوە. تورکیا لە مەسەلەی عەفریندا تەنها ڕووسیای لە بەردەمدا بوو و لە ئەنجامیشدا توانیی قەناعەت بە مۆسکۆ بهێنێت و ساڵی 2018 ئوپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی بۆ سەر ئەو کانتۆنە کوردنشینە ئەنجام دا. بەڵام لە منبەج ئەمریکییەکانیش هەن و بابەتەکە سەخڵەتترە و لەو بڕوایەدا نیم کە تورکیا هەڕەشەکانی خۆی دژی کوردی ئەو ناوچەیە بخاتە قۆناغی جێبەجێ‌کردنەوە.

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ بڕیارەکەی ترەمپ لەبارەی هێشتنەوەی 400 هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا چییە؟ ئایا ئەو بڕیارە هیچ پێوەندیی بە مەسەلەی پشتگیری کردنی ئەمریکا بۆ کورد هەیە؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس: کورد چیتر متمانەی بە هیچ زلهێزێک نەماوە. نەخوازەڵا بە ئەمریکاش. تا ئەو ڕادەیەی من ئاگادار بم کوردەکانی بوونی ئەو ژمارەیە لە هێزی سەربازیی تورکیا بە کەم دەزانن. دیارە کە کشانەوەی هەموو هێزە ئەمریکییەکان بە یەکجارییش بە خەیانەت دەزانرێت. بە قەناعەتی من هێشتنەوەی 400 سەربازی ئەمریکی لە سووریا پێوەندیی بە پشتگیری کردنی کوردەوە هەیە بەڵام هۆکارێکی دیکەی هێشتنەوەی ئەو هێزانە دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی کەم کردنەوەی هەژموونیی ئێران لە ناوچەکە.

کوردپرێس: بە ڕای ئێوە شیمانەی ڕێککەوتنی ئەردۆغان و کوردی تورکیا لە داهاتووی نزیکدا چەند بەهێزە؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس: پێشتریش من بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسم وتووە هیچ ئاسۆیێک بۆ ڕێککەوتنی ئەردۆغان لەگەڵ کوردی تورکیا وێنا ناکرێت. داڵغەی ئەردۆغان لە بازنەی ئایدیای عوسمانیزمدا خول دەخوات چ بۆ ناوچەکەش و چ بۆ جیهانیش. بۆیە هەرگیز ئامادە نییە دان بە مافی کوردی باشووری تورکیا بنێت.

کوردپرێس: بە هەلومەرجەی ئێستاوە ئایندەی کوردی سووریا چۆن دەبینن؟

دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس: شەڕی ناوخۆی سووریا ڕوو لە کۆتایییە و ئەنجامەکانیش بە قازانجی بەشار ئەسەد شکاوەتەوە. بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و حوڕحوڕ مەزاج بوونی ئیدارەی ترەمپ وای کرد کە کوردی سووریا بۆ ئایندەی خۆی پشت بە ئەمریکا نەبەستێت. بە ڕای من لەو ڕووەوە کە کورد هیچ ئەڵتەرنەتیڤێک شک نابات لە داهاتوودا بۆ جێگیرکردنی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری سووریا ڕوو دەکاتە دەوڵەتی ناوەند و دانووستان لەگەڵ دیمەشق دەکات. بەڵام لەم نێوانەدا هەڵوێستی ئەنقەرەی داگیرکەر لە بارەی کوردی سووریاوە زۆر شوێندانەر دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 52807

Your Comment

You are replying to: .
captcha