کوردپرێس:
دوایین پشتگیریی ئەمریکا کە بۆ کوردی سووریای ڕاگەیاندووە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا بوو. هەڵبەت دیارە کورد بەردەوام داوای ئەو ناوچە ئارامەی کردووە کە قەدەغەی فڕینیشی لە سەر بێت.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا مانگی دیسەمبێری ڕابردوو ڕایگەیاند کە هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا دەباتە دەرەوە و ئەوەش ڕەخنە و تانەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا هەر بۆیەش ترەمپ ڕایگەیاند ژمارەی 400 هێزی ئەمریکی لە سووریا دەهێڵێتەوە و بە درێژاییی سنووری نێوان تورکیا و سووریا بڵاوەیان پێدەکات بۆ ئەوەی بە یاوەریی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ڕێگری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا بکات. بەڵام ئەورووپییەکان پشتگیریی ئەو پڕۆژەیەیان نەکرد بەوەشەوە ئەورووپییەکان گومانیان لە نیازەکانی ئەمریکا هەیە و فەڕەنسییەکان داوایان کردووە کە ئەمریکا ئامانج و سیاسەتی خۆی لە باکووری سووریا بە ڕوونی ڕابگەیێنێت.
جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا پێش دوو ڕۆژی ڕایگەیاند کوردی سووریا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی ناوچەی ئارام کە ئەمریکا بەنیازە لە باکووری سووریا ڕایبگەیێنێت و وتوویەتی تورکیا زۆر نیگەرانە لەو بابەتە لە بەر ئەوەی بە بڕوای ئەنقەرە کوردی سووریا پێوەندیی لەگەڵ پەکەکە هەیە. ناوبراو ئاماژەی بە بارەگای سەربازیی پەکەکە لە قەندیل کردووە و وتوویەتی: "ئێمە نامانهەوێت قەندیلێکی دیکە لە باکووری سووریا پێکبهێنرێت."
ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن هۆکاری هەڵوێستە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ کەم کردنەوەی هاوکاریی نێوان واشەنتۆن و کوردی سووریا ئەوەیە هەردوولا گەشتنە ئەو ئامانجە ستراتێژییە هاوپەیمانێتییان بۆ پێکهێنابوو و ئەوەش شکستپێدانی داعش بوو.
دوکتور ماکس ئابرامز مامۆستای زانکۆی نۆرس ئیسترن و چاودێری سیاسیی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاندووە: "هاوپهیمانێتیی نێوان ئهمریکا و کوردی سووریا سهرچاوهی له ئامانجێکی هاوبهش و ستراتێژیک گرتوووه و ئەوەش بەرپەرچدانەوەی داعش بوو. ئێستا که وهک ڕێکخراوێک زهبرێکی کوشنده له داعش دراوه، لۆژیکی دوورنواڕی بهردهوامیی هاوکاریی نێوان ئهمریکا و کوردی سووریا کهمڕهنگتر بۆتهوه."
لە لایکی دیکەشەوە ئارۆن ستین بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای توێژیزنەوەی سیاسەتی دەرەوە، قەیرانەکەی باکووری سووریا دەگێڕێتەوە بۆ یەک نەگرتنی ئامانجی کوردی سووریا و نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی باکووری سووریاوە. مەبەستیشی لەو لێدوانەی ئەوەیە کوردی باکووری سووریا داوای بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە ناوچەکانی باکووری سووریا دەکات و تورکیاش لەو بابەتە نیگەرانە و دەڵێت کوردی سووریا پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە.
مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزی سووریای دیموکراتیش حەفتەی ڕابردوو لە بارەی ئامانج و سیاسەتی ئەو هێزانە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە دانپێدانرانی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا و دەسەڵاتی کورد لە ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی خۆی هڵێسی سووری هێزەکانی سووریای دیموکراتە کە زۆرینەیان لە کوردەکان پێکهاتووە.
ئارۆن ستین بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: لە بارەی جێگیرکردنی هێزی سێهەم لە ناوچەی سنووری نێوان تورکیا و سووریا گفتوگۆ و دانووستان کراوە بەڵام تورکیا داوا دەکات هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو ناوچەیەدا جێگیر بکرێت.
ئەو چاودێرە سیاسییە هەروەهاش ئاماژەی بە هێزەکانی سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریا وەکوو هێزی سێهەم کرد بەڵام گوتیشی ئەگەر بڕیارە بدرێت کە ئەو هێزانە لە باکووری سووریا جێگیر بکرێن ئەوا ڕاستییەکان لەبەرچاو نەگیراون.
بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی ئەگەری پشتگیری کردنی ڕووسیا لە کوردی سووریا بە ئەلمۆنیتۆری وت: ڕووسەکان ئێستاش ئەو کارتە دژی کورد بەکار دەهێنن کە پشتگیریی تورکیا دەکەن بۆ ئەوەی کوردی سووریا ناچار بکات بگەڕێنەوە باوەشی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا. پەیامی ڕووسەکان ئەمەیە: یان دەگەڕێنەوە دیمەشق یان هەڕەشەی تورکیاتان لە سەر دەبێت چوونکە ئەمریکا پشتیوانیتان ناکات هەروەک چۆن لە عەفرینیش پشتی لێکردن.
بەم دۆخەی ئێستاوە پێ دەچێت پڕۆژەی پێکهێنانی ناوچەی ئارام کە ئەمریکا پەیڕەوی دەکات بەم زووانە جێبەجێ ناکرێت هەر بۆیەش کوردی سووریا پاش ڕووخاندنی خەلافەتی ڕەشی داعش ڕۆژگارێکی سەختی دێتەر بەردەم.
Your Comment