به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له ناوه‌ندی دیاربه‌کر له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا باس له به‌رده‌وامیی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی PKK و ئه‌و گۆڕانکارییانه ده‌کات که به بۆنه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه و ده‌ڵێت: ئه‌م گۆشه‌گیرییه هه‌زار و 460 ڕۆژه که درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌م گۆشه‌گیرییه له‌گه‌ڵ تێکڕای یاساکانی تورکیا، ده‌ستوور و ڕێککه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان یه‌ک ناگرێته‌وه که تورکیا واژۆیانی کردوووه. پڕۆسه‌یێک له تورکیادا هه‌یه که له ڕووی مرۆیی و یاسایییه‌وه به هیچ له‌ونێک قبووڵ ناکرێت. نادیده‌گرتن و چاوپۆشیی سه‌رجه‌م به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته به‌تایبه‌ت وه‌زیری داد و وه‌زیری ناوخۆی تورکیا درێژه‌ی هه‌یه و ئه‌و دۆخه سه‌بر و تاقه‌تێکی بۆ خه‌ڵک نه‌هێشتۆته‌وه.
په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په که به نوێنه‌رایه‌تی له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی قسه‌ی ده‌کرد، له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به خۆکوشتنی چوار چالاکوانی سیاسیی کورد له زیندانه‌کانی تورکیا کرد به بۆنه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژی گۆشه‌گیری سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و گوتیشی: ئێمه ژیانمان خۆش ده‌وێت. هۆکاره‌که‌ی هه‌رچی که بێت حه‌ز به کۆتایی هێنان به ژیان ناکه‌ین. تێکڕای هه‌وڵ و تێکۆشانی ئێمه به مه‌به‌ستی ڕێگری له کوژرانی ته‌نانه‌ت یه‌ک مرۆڤ و گه‌یشتن به ئاشتیی هه‌میشه‌ییی له ڕێگای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانمانه. وه‌رن له به‌رانبه‌ر زوڵمدا پشتیوانی له ژیانمان بکه‌ین و به‌رده‌وام بین له خه‌باته‌کانمان.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment