داعش ڕووخا به‌ڵام هه‌زاران کوردی ئێزدی بێسه‌روشوێنن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- گرووپی تیرۆریستیی داعش له‌ عێراق و سووریا ڕووخا به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی زیاتر له‌ 3 هه‌زار کوردی ئێزدی و 42 پێشمه‌رگه‌ نادیاره‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای زیاتر له‌ 40 ڕۆژ شه‌ڕکردن، هه‌سه‌ده‌ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی شارۆچکه‌ی باغۆزی وه‌ک دوایین پێگه‌ی داعش له‌ سووریا ڕاگه‌یاند به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی ئه‌و کوردانه‌ دیار نییه‌ که‌ له‌ ئابی 2014ه‌وه‌ که‌وتنه‌ ده‌ستی داعش.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کاروباری ئێزدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی هه‌رێمی کوردستان، له‌ کۆی شه‌ش هه‌زار و 417 کوردی ئێزدی ڕفێندراوی ده‌ستی داعش، ته‌نیا سێ هه‌زار و 371 کوردی ئێزدی ڕزگاریان بوووه‌ و 3 هه‌زار و 46 که‌سیش چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی باغۆز زیاتر له‌ 200 ژن و منداڵی کوردی ئێزدی ڕزگار کران و گوته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنی جه‌زیره‌ش به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی گوت: ژماره‌یێکی زۆری دیل لای داعش هه‌بوون که‌ داعش وه‌کوو که‌ره‌سته‌یێک بۆ فرۆشتن به‌کاری ده‌هێنان. ژماره‌یێک له‌ کوردانی ئێزدی له‌ ڕێگه‌ی ماڵی ئێزدییانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌وانی دیکه‌ش بۆ ناو که‌سوکاریان بگه‌ڕێندرێنه‌وه.

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستانیش به‌ ڕووداوی ڕاگه‌یاند: له‌ شه‌ڕی داعشدا 1726 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و 10 هه‌زار و 720 پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون.

جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: له‌ شه‌ڕی داعشدا 42 پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێن بوون و تاوه‌کوو ئێستا هیچ سۆراخێکیان نییه‌.

شایانی باسه‌؛ شه‌ڕی داعش نه‌وه‌ک ته‌نیا بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ڵكوو بۆ ڕۆژنامه‌ڤانانیش خوێناوی و سه‌خت بوو یه‌کێک له‌وانه‌ فه‌رهاد حه‌مۆ په‌یامنێری تۆڕی میدیاییی ڕووداوه‌ که‌ 15-12-2014 له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێک له نزیک قامیشڵۆی‌ سووریا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ڕفێندرا و تاوه‌کوو ئێستاش چاره‌نووسی نادیار‌ه.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52765

Your Comment

You are replying to: .
captcha