بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکووری ڕووباری دیجلە کردبوو، بەڵام بەهۆى بچڕانى سیمەکانییەوە، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا ژێرئاوکەوت و زیاتر لە ١٢٠ گەشتیارى ناو بەلەمەکە گیانیان لەدەستدا، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
هاوکات گەلاوێژ عەلی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ڕاگەیاند، لە نێو ئەو كەسانەی لە ڕووداوەكەی دوێنێی موسڵدا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیێک هاوڵاتی كوردیان تێدایە، بەڵام هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە كوردانەی لەناو بەلەمەكەدا ژێر ئاو كەوتوون چەندن.
لە لایێکی دیکەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی دەرکردنی نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکانی کرد.
نووسینگەى ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی بوونی کەمتەرخەمی ڕوون و بە فیرۆدانی سامانی دەوڵەت و خراپ بەکارهێنانی پۆست، سەرۆک وەزیران پێشنیازی بۆ پەرلەمان کردووە نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکانی لاببرێن.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، خۆپیشاندەرانی موسڵ ئۆتۆمبێلی پارێزگاری شارەکەیان بەردباران کردووە و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیشی دوو خۆپیشاندەرێکیان شێلاوە.
سەرچاوە: میدیاکانی عێراق
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment