کوردپرێس:
کەوتنی عەفرین تێکەڵێک بوو لە تراژدیا و حەماسەی کۆمەڵێک خەڵکی نەبەز و بێ بەرگری. شەڕێکی نابەرانبەر حوکمی دۆڕان و ئاوارەبوون و لەماڵ و حاڵی خۆ دەرکرانی بەسەر کوردی نەحەساوەدا سەپاند. ڕەوشی ئەسەفناکی عەفرین دڵی هەموو خەمخۆرێکی مرۆڤایەتیی پێ قورس بوووە بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی ئێستەش بێدەنگە و دەڕوانێتە توانەوەی خەڵکی مەدەنیی دانیشتووی شارەکە لە شەڕێکی نەخوازراو و ئاوارەبوونێکی بێدادانە.
یەک ساڵی تەواو بە سەر داگیرکرانی کانتۆنی کوردنشینی عەفریندا تێدەپەڕێت. سەرەڕای بەرخۆدانی دوو مانگەی هێزی کورد لە بەرانبەر دووهەم سوپای ناتۆ، ئەو سوپایە و سەربزێوانی سەر بە تورکیا لە شارەکە نزیک بوونەوە و پاش چڕ بوونەوەی هێرشەکان و لێدران لە مەخزەنی ئاو و نەبوونی پێداویستیی سەرەتایی، ئاوارە بوونی خەڵکەکە وای کرد ڕەوشێکی یەکجار مەترسیدار و ئەسەفناک ڕوو بدات.
ئەگەرچی هەندێک لە چاودێران بڕوایان وابوو ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی نەکرابا بەرخۆدان بەردەوام دەبوو و عەفرین نەدەکەوت. بەڵام ئاڵوگۆڕی مەیدانی شەڕەکە باسی لەوە دەکرد کە تورکیا لێبڕابوو هەر چۆنێک بێت دەست بە سەر عەفریندا بگرێت.
پێش کەوتنی عەفرین چاودێرانی سیاسی بڕوایان وابوو کەوتنی عەفرین لێکەوتەی زۆری دەبێت چ بۆ تورکیا و چ بۆ کوردیش. جگە لە قوربانی کرانی خەڵکێکی زۆری مەدەنی ئەگەر تەنانەت عەفرینیش لەلایەن تورکیاوە داگیر بکرێت ئەو وڵاتە کێشەی دەبێت بۆ ئیدارە کردنی ئەو ناوچە کوردنشینە.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئەی دەوری ئەم زلهێزانە چییە؟ ئەم بێدەنگییە بۆچی؟ بەرژەوەندی لە هەر چی و لە هەر کوێ بێت تەنها بۆ ئەوە دێنە دەنگ؟ ئەو بێدەنگییە نرخەکەی زۆر قورسە. نرخی ئەو وەزعە بە سەر کورددا شکاوەتەوە و کورد خەریکە باجی چاوچنۆکی و بەرژەوەندی و دابەش کردنی دەسەڵات لە نێوان زلهێزان دەدات.
عەتا نەهایی نووسەر و ڕووناکبیری ناسراوی کورد ساڵی پاری چەند ڕۆژ پێش کەوتنی عەفرین لە پۆستێکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بە خەمەوە دەڕوانێتە لارەملییەکەی ئێستەی کورد لە عەفرین و نووسیویەتی: ڕۆژگارێکی سەیرە، ئەوە دیسان لە پێش چاوی دنیا شارێکی دیکە دەسووتێنرێت و دانیشتووانی قڕ دەکرێن، بەڵام کەس نووزەی لێوە نایەت...
ئەو نووسەرە بەناوبانگەی کورد زیادی دەکات: کورد چوونکا نیشتمانێکی لەسەر تاپۆ نەکراوە، لە ناو ماڵ و لەسەر خاکی باب و کاڵی خۆشی نەک کرێچی، قەرەچێکی بێ شکۆی لانەوازە کە هەموو کەس و ناکەسێک پێی دەوێرێت.
جەلال جەلالی زادە نوێنەری پێشووتری پەڕلەمانی ئێرانیش تیشکی خستۆتە سەر خەیانەتی 72 ساڵ لەوەو پێشی ڕووسەکان لە قازی محەمەد کە نزیکەی یەک ملوێن کورد لە سیبری بە هۆی ئەو خەیانەتەوە کرانە قوربانی.
ناوبراو بە توندی رەخنەی لە ڕووسیا گرتوووە و گوتوویەتی: ڕەفتاری کۆمۆنیستی و کۆیلە کردنی گەل و پەیمان شکاندن و پشت کردن لە هاوپەیمانان کۆمەڵێک سیفاتی ناشیرینن کە لە ڕووسەکان وەشاوەتەوە.
جەلالیزادە چۆنیەتیی مامەڵە کردنی ڕووسیا لەگەڵ ئەفغانییەکان، چچنەکان و موسڵمانانی ڕووسیا و قەفقازستان بە نموونە دەهێنێتەوە لەگەڵ هەڵوێستی ڕووسیا بەرانبەر بە کوردی عەفرین هەڵی دەسەنگێنێت و دەشڵێت ئەمە لە بەر یەک نەبوونی کورد و ڕاجیاوازیی کوردە کە ئەو نەهامەتییانەی بەسەر دێت.
تورکیا عەفرینی داگیر کرد و ئێستاش گورپی کردووە تەپ بداتە سەر زێد و باوانی کورد لە کۆبانێ و منبەج. کەسیش لای گرینگ نیە و مامەڵەکردن لە سەر حیسابی کورد بۆتە دیاردەیێکی ئاسایی لە نێوان زلهێزانی ناوچەکە و جیهان. ئێستەش بە ڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی تاکە دەرەچەی کورد بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نالەبارە ئەوەیە کە کورد ڕوو بکاتە دیمەشق. بەرپرسانی کوردی سووریا بۆ چەندین جار ڕایان گەیاندوووە کە پێشنیارمان کردوووە و داوامان لە دەوڵەتی سووریا کردوووە بێت و سنووری وڵاتەکەی بپارێزێت چوونکە ئێمە بەشێکین لە سووریا. بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دەوڵەتی سووریاش نەهاتۆتە سەر خەت و خۆیشی نالەقێنێت کە بەشێک لە خاکەکەی لە لایەن وڵاتێکی بیانییەوە هێرشی کراوەتە سەر و خەریکە داگیر دەکرێت و خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەی بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگیی وڵاتێکی ترەوە دەبنە قوربانی.
مەشرووعیەت پێدان بە هێرشەکەی تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنوور پاساوێکی نەگونجاوە کە عەقڵییەتی سیاسی تەنها لە بەر بەرژەوەندی دەتوانێت قبووڵی بکات. هەمان ئەو وڵاتانەی بە وتەی خۆیان «لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەن» و هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە مەشرووع و ڕەوا دەزانن ئەگەر وڵاتێکی تر بیهەوێت هەمان سیاسەت لە وڵاتەکەی ئەواندا جێبەجێ بکات قبووڵی دەکەن؟ ئایا ڕووسیا یان ئەمریکا قبووڵی دەکەن کە وڵاتێکی تر ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت و خەڵکی مەدەنیی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج و بە بێ شەرمی داوای بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەشیان بکات؟ دیارە کاکە و مامەی نێوان زلهێزان بە دڵی تورکیا نەبووە و داوای بەشی زیاتر دەکات. بۆیە ئەردۆغان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی داد و گەشەدا بەڵێنی دا بە زووترین کات دەگەنە عەفرین و بە عەفرینیشەوە ناوەستن و بەرەو ناوچەکانی دیکەی سووریاش دەڕۆن و ئەمساڵیش بەڵێنی داوە کورد لە منبەج دەربکات و ئەو شارە کوردنشینەش داگیر بکات ئەوەش لە کاتێکدا کورد دیاردەی نگریش و ڕەشی داعشی لە ناوچەکە شکست داوە و بە شکۆ و سەربەرزیی تەواو توانیی بە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی خاکەکەی بپارێزێت.
ئێستا کورد چیتر ڕەشبینە لە یاسا و دەستوور و پەیڕەوە نێودەوڵەتییەکان. چوونکە تەنها لە کاتی بەرژەوەندیدا یاسا هەیە و پەیڕەو هەیە و دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت.
رۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی گرووپە تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی و بەکارهێنانی فرۆکە و چەکی پێشکەوتوو، دەستیان بەسەر کانتۆنی کوردنشینی عەفریندا گرت. لە ئەنجامی ئەو هێرشەی تورکیا بۆ عەفرین بە دەیان هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و بە سەدانیش بریندار بوون، سەرەڕای ئاوارە بوونی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاووڵاتی و بەشێکی زۆری ماڵیان لەو شارەدا لە لایەن ئەو چەکدارانەوە کە هاتوونەتە شارەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵان کراوە و بەشێکی زۆری ئاسەوار و شوێنەواری مێژوویی و بەروبوومێکی زۆری زەیتون لە ناوبران.
Your Comment