خوێندنه‌وه‌ی کارناسانی سیاسی بۆ دوورنواڕی په‌یوه‌ندیی کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا

به‌شی دیمانه‌/ سووریا- قۆناغی پاش داعش قۆناغێکه‌ بۆ ململانێی زلهێزه‌ جیهانی و هه‌رێمییه‌کان له‌ سووریا.

کوردپرێس: گرێ کوێره‌ی هاوسه‌نگیی هێز له‌ سووریا به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌کرێته‌وه‌. له‌لایێکی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانی هه‌ن و له‌لایێکی‌تریشه‌وه‌ ئه‌مریکا و هێزی هاوپه‌یمانی هه‌یه‌ و له‌م نێوانه‌دا کورد هه‌لومه‌رجێکی جیاوازی هه‌یه‌. له‌لایێکه‌وه‌ کورد هۆکارێکه‌ بۆ چوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناو خاکی سووریا و له‌لایێکی‌تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییێکی کۆن و دێرینه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هه‌یه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 8 ساڵی ڕابردوودا جاروباره‌ به‌دواداچوونی بۆ کراوه‌. کوردی سووریا له‌ژێر سه‌رکردایه‌تیی پارتی یه‌کێتیی دیموکرات (PYD) خۆی به‌ لایه‌نی سێهه‌م ناو ده‌بات؛ لایه‌نێک که‌ نه‌ک خوازیاری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریایه‌ و نه‌ک هاوشانی ئۆپۆزیسیۆنی جیهادی ئیراده‌ی خۆی بۆ وه‌لاوه‌نانی ئه‌سه‌د و گۆڕینی هه‌یکه‌لییه‌تی سیاسی خستۆته‌گه‌ڕ به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته‌ گوماناوییه‌ چوونکه‌ کورد شه‌ریکی ئه‌مریکا له‌ سووریایه‌ و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانیش دوژمنی ئێستای ده‌وڵه‌تی سووریا دێته‌ ئه‌ژمار. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ کورد له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک گرووپی دوژمن و دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌وان سوپای ئازاد په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ و له‌لایێکی دیکه‌وه‌ له‌ ڕابردوودا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی باش بوووه‌. له‌ ڕاستیدا تێکه‌ڵاوی هاوسه‌نگیی هێز له‌ سووریا ئاستێکی باڵای هه‌یه‌ که‌ هه‌ریه‌ک له‌ هێزه‌کان به‌ بۆنه‌ی ده‌ره‌وه‌ستی به‌ یه‌ک یان چه‌ند سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی کاردانه‌وه‌ی سیاسیدا به‌ره‌وڕووی جۆرێک سه‌رلێشێواوی ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ گرینگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سووریا هه‌یکه‌لییه‌تی مه‌ڵبه‌ندێکی ئاشکرا و پێگه‌ی یاساییی ڕوونێکی له‌ جیهانی ده‌ولیدا هه‌یه‌ و خوازراو یان نه‌خوازراو هه‌ر جۆره‌ پرسێکی سیاسی ده‌بێ له‌ ڕێگای ده‌وڵه‌تی دیمه‌شقه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت؛ ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌ره‌وڕووی هه‌وراز و نشێو ببێته‌وه‌ و داهاتووی ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ ڕۆژه‌ڤێک بۆ شرۆڤه‌ی کارناسان. ئاژانسی کوردپرێس دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ چالاکوانانی میدیایی و سیاسیدا ئه‌نجام داوه‌ و ئاگاداری ڕای کارناسان بۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاسۆی په‌یوه‌ندیی کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: دوورنواڕی په‌یوه‌ندیی کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا له‌ سه‌رده‌می پاش داعش چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

جه‌بار مرۆیی میلان: له‌ ڕووی جوگرافیایییه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی هه‌سه‌ده‌ بۆ سه‌ر داعش له‌ باغۆزی سووریا به‌ هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و گرووپه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی سووریا و هاوپه‌یمانه‌کانی سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر به‌رهه‌ڵستکاران وه‌ده‌ست هێنا و هێزی سووریای دیموکراتیش به‌ پشتیوانیی هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی و شکست‌پێهێنانی داعش جۆرێک هاوکاریی بێ‌وێنه‌یان له‌ سووریا به‌دی هێنا. ئێستا جگه‌ له‌ چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و هێزی نیابه‌تی ئه‌و وڵاته‌دایه‌، پرسیارێک که‌ دێته‌گۆڕێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزی سووریای دیموکرات (SDF) -که‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا سیسته‌مێکی فیدڕاڵییان دامه‌زراندوووه‌- له‌ قۆناغی پاش داعش چۆن ده‌بێت.

بێگومان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ده‌یه‌وێت تێکڕای خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات به‌ڵام هێزی سووریای دیموکرات ده‌یه‌وێت سیسته‌مێکی فیدڕاڵ له‌ چوارچێوه‌ی سووریای یه‌کگرتوو جێگیر بکات. ئاقاری بابه‌ته‌که‌ جگه‌ له‌ گرنگیی دانووستان و ڕێککه‌وتنی سووری- سووری په‌یوه‌ندییێکی زۆری به‌ بڕیاری زلهێزه‌ جیهانییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوازێک هه‌رکات ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزی ئه‌مریکا له‌ سووریا ئاراسته‌ ده‌کرێت، هێزی سووریای دیموکرات به‌ بۆنه‌ی لاوازبوونی پێگه‌که‌ی له‌ به‌رانبه‌ر گوشاری تورکیا له‌ باکوور و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ باشووره‌وه‌ زیاتر هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا چڕ ده‌کاته‌وه‌. به‌ڵا‌م ئه‌گه‌ر هێزی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا له‌ سووریا بمێننه‌وه‌، هێزی سووریای دیموکرات هه‌ست به‌ پشتیوانیی وڵاتانی بیانی له‌ خۆی ده‌کات و زۆربه‌ی هه‌ڤیازییه‌کان ئاراسته‌ و ته‌ئکید له‌سه‌ر جێگیرکردنی لامه‌رکه‌زییه‌ت و سیسته‌می فیدڕاڵی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌. پاش کێشمه‌کێشمێکی فراوان سه‌ره‌ڕای ئاشکرابوونی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هێشتاکه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا هه‌ندێک شوێن له‌ سووریا له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و هاوپه‌یمانانی ئه‌و وڵاته‌دایه‌ که‌ له‌ قووڵاییی بیرۆکه‌یاندا ڕووخانی سیسته‌می سووریا هه‌یه‌ (به‌پێچه‌وانه‌ی کورد که‌ کێشه‌یێکی زۆری له‌گه‌ڵ سیسته‌می سووریا نییه‌ و وه‌ک لایه‌نی سێهه‌م ته‌ئکید له‌سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی سووریایێکی یه‌کگرتوو ده‌کاته‌وه‌)، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ هێشتا ده‌فرایه‌تییێکی زۆر بۆ هاوکاری هاوبه‌شی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزی سووریای دیموکرات له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزانه‌دا هه‌یه‌. هاوکات، هێزی سووریای دیموکرات به‌شی "سووریای سوودمه‌ند"یان له‌ده‌ستدایه‌ که‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌وت، گاز، ئاو و زه‌وینی کشتوکاڵی هه‌یه‌ که‌ بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سووریای پاش داعش زه‌رووره‌. جگه‌ له‌وه‌ش ڕێککه‌وتنی ئاشکرا و نهێنیی ڕووسیا و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ نفووزیان له‌ سووریا، پێده‌چێت تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی له‌ دیکه‌ی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و ئۆپۆزیسیۆن نه‌سه‌پاندوووه‌ یان هێشتا هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باکووری سووریادایه‌، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا بیر له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی سووریای دیموکرات ناکاته‌وه‌.

ئه‌ژده‌ر پیری: له‌ ڕه‌شبینانه‌ترین حاڵه‌تی مومکین ده‌توانین وا بیر له‌ سووریای پاش داعش بکه‌ینه‌وه‌ که‌ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا پاش کۆتایی‌هێنان به‌ پاشماوه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ بێ هیچ مه‌رجێک بۆ سه‌رکوت‌کردنی کورد له‌گه‌ڵ شه‌ریکانی خۆی ده‌بێته‌ هاوپه‌یمان و بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی کورد له‌ باکووری سووریا شه‌ڕێکی نوێ ده‌ست پێبکات و هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو نکۆڵی له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای ئه‌و خه‌ڵکه‌ بکات. له‌و ئه‌گه‌ره‌دا دوور له‌ چاوه‌ڕوانییه‌ که‌ به‌شار ئه‌سه‌د بتوانێت ئاشتی له‌ وڵاته‌که‌ی جێگیر بکات. له‌ ڕاستیدا سووریا له‌گه‌ڵ تێکچوونی هاوسه‌نگیی هێز له‌ ناوچه‌ تایبه‌ته‌کان له‌وان باکووری سووریا به‌ره‌وڕووی ته‌قینه‌وه‌یێک ده‌بێته‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ له‌و وڵاته‌ و هه‌روه‌ها ڕیسکێکی شه‌ڕی دیکه‌ ئه‌و سیناریۆ تا ئاستێکی قبووڵ‌کراو له‌ ئێستادا بێده‌نگ ده‌کات به‌ڵام له‌ داهاتوودا نامومکین نابێت.

له‌ گه‌شبینانه‌ترین حاڵه‌تیشدا حکوومه‌تی سووریا سه‌باره‌ت به‌ دانووستانی سووری- سووریا داواکارییه‌ ده‌ خاڵییه‌کانی کورد جێبه‌جێ ده‌کات و له‌پێناو خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکرات له‌ باکووری سووریا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت که‌ له‌و ڕووه‌شدا سوپای سووریا و هێزی سووریای دیموکرات به‌ نێوبژیڤانیی ئێران و ڕووسیا توانای هاوکاریی سه‌ربازییان ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی دژبه‌رانی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ئیدلب و سوپای تورکیا له‌ عه‌فرین و ئه‌عزاز. دوور له‌ چاوه‌ڕوانی نییه‌ که‌ ڕێککه‌وتنێکی وا هاوکات پشتیوانیی ڕاسته‌وخۆی ئه‌سه‌د له‌ کورد و له‌ ئه‌نجامدا به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌ و له‌ دۆخێکی به‌و شێوازه‌دا قه‌یرانێکی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ڕووسیا و تورکیا سه‌رهه‌ڵده‌دات و له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕووسیا و ڕۆژئاواش ته‌نگه‌ژه‌ی نوێ ده‌خولقێندرێت. جگه‌ له‌وه‌ش ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی تورکیا- سووریا- کورد ده‌توانێت شه‌پۆلێکی نوێ کرده‌وه‌ی تیرۆریستی به‌دواوه‌ بێت هه‌م له‌ سووریا و هه‌م له‌ تورکیا و لێشاوی په‌نابه‌ران به‌ره‌و تورکیا و ئه‌ورووپا ڕه‌وانه‌ بکات. ئه‌گه‌ر سیناریۆیێکی وا له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزی سووریای دیموکرات ڕوو بدات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کورد پشتیوانیی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا له‌ده‌ست ده‌دات به‌ڵام ده‌توانن له‌جیاتی هه‌شت ساڵ شه‌ڕ و به‌رخۆدان و هه‌زاران شه‌هید، حکوومه‌تێک وه‌ک هه‌رێمی کوردستان له‌پێناو مافی له‌ده‌ستچووی خۆیان وه‌ده‌ست بێنن.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52637

Your Comment

You are replying to: .
captcha