به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 16ی ئاداری 2019 مه‌راسیمی 31مین ساڵوه‌گه‌ڕی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به ئاماده‌بوونی به‌رپرسان و که‌سایه‌تییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی پێ‌کرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا چه‌ندین که‌سایه‌تیی حیزبی و حکوومی هه‌رێمی کوردستان ئاماده بوون و سه‌ره‌ڕای به‌رزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ئه‌و کیمیابارانه داوای به‌دواداچوونی زیاتریان کرد بۆ هه‌ڵه‌بجه و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی به‌رکه‌وتوووانی ئه‌و ڕووداوه.
له‌وباره‌وه نوخشه ناسیح قایمقامی هه‌ڵه‌بجه ڕای‌گه‌یاند: له ڕێگای سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌وه هه‌وڵی جیدی ده‌درێت ته‌واوی منداڵه ونبوووه‌کانی هه‌ڵه‌بجه بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ ناو خێزانه‌کانیان که نزیکه‌ی 180 منداڵ بوون.
ناوبراو وتیشی: "هاوکاریی هه‌ر لایه‌نێک ده‌بین هه‌وڵ بۆ گێڕانه‌وه‌ی منداڵه ونبوووه‌کان بده‌ن و له ڕووی یاسایی و ئیدارییه‌وه هاوکاریان ده‌بین تاکوو زۆرترین منداڵی ونبووی هه‌ڵه‌بجه بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌که‌یان."
قایمقامی هه‌ڵه‌بجه داواشی له حکوومه‌تی هه‌رێم و عێراق کرد کار بکه‌ن بۆ به‌رکه‌وتوووانی چه‌کی کیمیایی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی منداڵه ونبوووه‌کان.
ناوبراو ده‌رباره‌ی جیاوازیی یاده‌که له ئه‌مساڵدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو که جیاوازیی ئه‌مساڵی یاده‌که ئه‌وه‌یه که قه‌زاکانی سه‌ید سادق، شاره‌زوور و پێنجوێن به‌شدار بوون له لیژنه‌ی باڵای یاده‌که‌دا و ڕاوبۆچونیان وه‌رگیراوه و له‌و قه‌زایانه‌شدا بۆ یادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه چالاکی ده‌کرێن.
نوخشه ناسیح سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتوووانی شاره‌که‌ش ئاماژه‌ی به‌وه دا که قه‌ره‌بووی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه لای حکوومه‌تی ناوه‌ندییه و داوا کراوه هاوشێوه‌ی هه‌ندێک له ناوچه‌کاکانی عێراق قه‌ره‌بوو بیانگرێته‌وه که مانگانه مووچه به زیانلێکه‌وتوووانی ئه‌و ناوچانه ده‌درێت.
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان به كوردستان 24ی گوت: "یادی ھه‌ڵه‌بجه ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی ھه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه و ھه‌ڵه‌بجه پێناسه‌ی میلله‌تێكه بۆیه پێموایه یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاده بۆ ھه‌مووان وه‌ک یه‌كه و نابێ یادكردنه‌وه‌ی ھه‌ڵه‌بجه بكرێته بابه‌تێكی حزبی. ھه‌روه‌ھا ده‌بێ حکوومه‌تی هه‌رێم کاری جیدی بکات بۆ هه‌ڵه‌بجه و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ئه‌و شاره."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment