ئه‌مریکا: پێویست ناکات تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر باکووری سووریا ئه‌نجام بدات

به‌شی جیهان- به‌رپرسێکی ئه‌مریکی ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ پێویست ناکات تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر باکووری سووریا ئه‌نجام بدات به‌و بۆنه‌وه‌ ئه‌مریکا گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌تێکی وا له‌گه‌ڵ تورکیا ناکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا له‌ زاری به‌رپرسێکی تورکیاوه‌ نووسییان که‌ ئه‌و وڵاته‌ خه‌ریکه‌ دانووستان و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ڕووسیا ئه‌نجام ده‌دات سه‌باره‌ت به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌.

به‌ڵام ڕۆیتێرز له‌ زاری به‌رپرسێکی ئه‌مریکییه‌وه‌ که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت نووسیی: "ئه‌مریکا بابه‌تی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ لێک ناداته‌وه‌."

تورکیا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ده‌یه‌وێت بچێته‌ باکووری سووریا و ناوچه‌یێک به‌ قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تر و به‌ درێژاییی زیاتر له‌ 400 کیلۆمه‌تر وه‌ک ناوچه‌ی پارێزراو دروست بکات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگر بێت له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی هێزه‌ کوردییه‌کان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا له‌ ساڵی 2014 و له‌ کاتی هێرشی داعش بۆ سه‌ر شاری کوردنشینی کۆبانێ له‌ باکووری سووریا پشتیوانی له‌ هێزی کوردی سووریا کرد و واشنتۆن ڕێژه‌یێکی زۆر چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازی ڕاده‌ستی هێزه‌ کوردییه‌کان کرد.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریکییه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا چه‌ندین جار بابه‌تی دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریای لێکداوه‌ته‌وه‌ که‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر ده‌کات.

بابه‌تی دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ بابه‌تێکی جیاواز له‌ پڕۆژه‌ی ئه‌نقه‌ره‌یه‌؛ به‌و شێوازه‌ که‌ واشنتۆن ده‌یه‌وێت هێزی ئاشتیخوازی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سنووری سووریا له‌گه‌ڵ جێگیر بکرێن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مریکییه‌ له‌باره‌ی ورده‌کاریی دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو ڕاشی‌گه‌یاند: "هێشتا ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و بابه‌ته‌ لێک ده‌درێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌مریکاوه‌ پێویست به‌ هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا ناکات."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52551

Your Comment

You are replying to: .
captcha