بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتۆڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری کۆ بوویەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران لەم دیدارەدا ئەنجامی دانووستانەکانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بۆ ئایەتۆڵڵا سیستانی شی کردەوە.
ئایەتۆڵڵا سیستانی لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند پشتیوانی هەر چەشنە هەوڵێک دەکات بۆ تۆکمە کردنی پێوەندیی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێز گرتن لە سەروەریی خاکی دراوسێکان و هەروەها دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
ناوبراو ئاماژەی دا بە شەڕی چارەنووسسازی میللەتی عێراق بۆ هەرەسهێنانی داعش و دوور کردنەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە هەموو ناوچەکە و ئەو هەوڵەی میللەتەکەی بەرز نرخاند.
ئایەتۆڵڵا سیستانی هەروەها ئاماژەی دا بە گرینگترین تەنگژەی بەردەم عێراق لە قۆناغی ئێستادا و وتی بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و باشتر کردنی خزمەتگوزاریی گشتی و سنووردار کردنی چەک هەڵگرتن تەنها لەلایەن حکوومەتەوە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی عێراق.
سەرچاوە: شەفەقنا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment