کوردپرێس:
فەریق جەبار یاوەر، ئهمینداری گشتیی وهزارهتی پێشمهرگه، لەو بارەیەوە بە كوردستان24ی رایگەیاند: "لە كۆتاییی ساڵی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە وتارێكدا كۆتاییھاتنی داعشی لە عێراق راگەیاند، لەوكاتەوە تا ئێستا تەنھا لە ناوچەكانی كەركووك، مووسڵ، مەخموور، دیالە و سەڵاحەدین، داعش توانیویەتی 456 كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدات، لەو ماوەیەدا ھەزار و 742 كوژراو و بریندار ھەبووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات، كە نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆشاییی دروست كردووە و ھەلی بۆ داعش رەخساندووە، كه ھێزەكانی عێراق نهتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن. لهكاتێكدا پێشتر ھێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوونە و رێگەیان نەدا بۆشایی ئەمنی دروست ببێت".
ئهمینداری گشتیی وهزارهتی پێشمهرگه گوتیشی: "پێش ئەوەی عەبادی كۆتاییھاتنی داعش له عێراق رابگەیەنێت، رای ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیرا، گوتمان داعش تەنھا لە شارەكان كۆتایی ھاتووە و دەست بە چالاكی دەكاتەوە، ھاوپەیمانانیش ھەمان بۆچوونی ئێمەیان ھەبوو، دواتریش ھەر ئەوە ھاتەدی، كە پێشبینی دەكرا".
جهبار یاوهر گوتیشی: "ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان، داعش ناتوانێ ھێرش بكات، تەنھا لە سنووری ھێزەكانی عێراق ھێرش و كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدات".
Your Comment