لیژنه‌ هه‌میشه‌یییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان په‌سند کران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان کۆتایی هات و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان په‌سند کران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی ئاداری 2019 كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان به ‌بێ به‌شداریی فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر لیژنه‌ هه‌میشه‌یییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستی پێكرد و دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونه‌وه‌که‌ ئه‌و 14 لیژنه‌یه‌ی مابوون به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سند کران.

له‌ به‌شێکی دانیشتنه‌که‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ڤالا فه‌رید سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان داوای له‌ په‌رله‌مانتارانی نه‌وه‌ی نوێ کرد دانیشتنه‌که‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان جێبێڵن به‌هۆی ئه‌وه‌ی ''پشێویان له ‌نێو هۆڵی په‌رله‌مان دروست کرد."

فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ داوای ئه‌ندامێتی له‌ لیژنه‌ی دارایی کرد به‌ڵام به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی کوردستان په‌سند کرا.

ڕۆژی 26-2-2019 به‌ ده‌نگی 73 په‌رله‌مانتار ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاساییی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبژێردران و ئه‌مڕۆش ده‌نگ له‌سه‌ر 14 لیژنه‌که‌ی دیکه‌ درا و کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش کۆتایی هات.

لیژنه‌ هه‌میشه‌یییه‌کان پێكدێن له‌:

1- لیژنه‌ی كاروباری یاسایی

2- لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری

3- لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان

4- لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری

5- لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

6- لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر

7- لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی

8- لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی

9- لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم

10- لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی

11- لیژنه‌ی شاره‌وانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان

12- لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان

13- لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا

14- لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایین

15- لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكی كردن له‌ مافی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52500

Your Comment

You are replying to: .
captcha