سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵ کردنەوەی پێوەندییە دوو قۆڵی و هەرێمییەکانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵوێزی پێشووتری ئێران لە بەغدا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق بە کوردپرێسی وتووە سەردانەکەی ڕۆحانی پاش شکستهێنانی پڕۆژەکانی ئەمریکا بۆ کز کردنی ئێران دەتوانێت هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاسایش بێت و دەستپێشخەریش بێت بۆ قووڵ کردنەوە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

کوردپرێس:

حەسەن کازمی قومی باڵوێزی پێشووتری ئێران لە بەغدا لەبارەی سەردانەکەی ڕۆحانییەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق لە قۆناغێکی هەستیاردا ئەنجام دراوە. لەم بارودۆخەدا میحوەری بەرخۆدان لە عێراق و سووریا و ناوچەکەش بە سەر تیرۆر و توندوتیژیدا سەرکەوتووە. هەروەهاش ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەوڵی ئاژاوەگێڕی و پەراوێزخستنی ئێرانی دەدا بۆ ئەوەی لە بازاڕەکانی عێراقدا دەوری ئێران کز ببێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و پڕۆژەکانی شکستیان هێنا. لە لایێکی دیکەشەوە پێوەندیی قووڵ و مێژووییی نێوان ئێران و عێراق حاشاهەڵنەگرە و ئەو دوو وڵاتە لە زۆر ڕەهەنددا پێکەوە گرێ دراون. هاوبەشیی ئەمنی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسیی نێوان ئێران و عێراق ئێستا زیاترە و ئاستەنگیش بۆ دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی بازرگانی لە سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتەوە نەماوە و بەرپرسانی باڵای عێراقیش بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە کەس ناتوانێت خەلەل بۆ پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق دروست بکات.

ئەمریکا پاش سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران لە بانکی ناوەندیی عێراقیش نوێنەری دیاری کرد و چاودێریی کاروباری بانکیی نێوان ئێران و عێراق دەکات. هەروەهاش هەوڵی داوە لە بازاڕەکانی عێراقدا بەدیل بۆ بەرهەمە ئێرانییەکان بدۆزێتەوە. باڵوێزی پێشووتری ئێران لە بەغدا لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە کە عێراقییەکان ناڕەزاییی خۆیانیان بەرانبەر بەو کارەی ئەمریکا پیشان داوە و عێراقییەکان داوای عێراقێکی سەقامگیر و ئەمن دەکەن.

کازمی گوتیشی سەردانەکەی ڕۆحانی لەم قۆناغەدا دەتوانێت دەستپێشخەری بۆ هێورکردنەوە و پێشخستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە بکات و هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاسایش بێت بە شێوەیێک کە بەرژەوەندی و قازانجی هەردوو گەلی ئێران و عێراقی تێدا ڕچاو کرابێت.

ناوبراو لە بارەی ئیلتیزام کردنی بەغدا بە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند: ئەگەرچی ئەمریکا هەوڵی داوە گوشاری زۆر بخاتە سەر بەرپرسانی عێراقی بەڵام بەغدا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق ئەولەویاتی سەرەکیی دەوڵەتی فیدراڵە و ئاشکراشە کە قازانجی عێراق لەوەدایە کە پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران نەپچڕێت.

باڵوێزی پێشووتری ئێران لە بەغدا لەبارەی ڕێگاچارەی کەم کردنەوەی شوێندانەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لە عیلاقاتی بانکیی نێوان ئێران و عێراق بە کوردپرێسی وت: هەردوو لایەن دەتوانن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دراوی دۆلار بەکار نەهێنن یان لانی کەم لایەنی ئێران لە کاروباری بازرگانیدا زۆر پشت بە دۆلار نەبەستێت و دراوی سێهەم جگە لە تمەن و دۆلار بەکار بهێنرێت.

کازمی لەبارەی ڕۆڵی ئێران لە کەم کردنەوەی موناقەشە و ململانێی نێوان چینە ئاینی و تایفییەکانی عێراق بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئێران هەر لە سەرتاشەوە هەوڵی داوە دەوری نێوەندگیری هەبێت و نێوان خۆشکەر بێت بۆ یەکخستنی کورد و عەرەب و شیعە و سونە و کریستیان و ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی عێراقی فرەڕەنگ. بۆیە هەوڵمان داوە قەناعەت بە ڕەخنەگرانیش بهێنین بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و قورساییی خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی دەستووری عێراقی بەکار بهێنن. ئێستاش دەبینین پڕۆسەی دیموکراسیەت ئەگەرچی لە عێراقی نوێدا ئەزموونی کۆنی نیە بەڵام لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەبینین ڕوانگەی سیاسیی عێراقییەکان قووڵ بۆتەوە و لیست و قەبارەکان تێکەڵ بە یەک بوون و لە لیستی شیعەدا برایانی سونە دەبینرێن و عەکسی ئەوەش دەبینرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆتە بنەما بۆ هەموو پێکهاتە عێراقییەکان.

ئەمڕۆ دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 20ی ڕەشەمەی 1397 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە بانگهێشتی بەرپرسانی باڵای عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پێتەختی عێراق و بڕیارە لەو سەردانەیدا کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت و لە یەکەم دیداریشدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆ بوویەوە و پاش کۆبوونەوەکەش کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانییان بەڕێوە برد.

* دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

News Code 52484

Your Comment

You are replying to: .
captcha