زیاتر له‌ 22 هه‌زار كرێكاری بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی كردن له‌ كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماری كرێكارانی بیانی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: ژماره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 22 هه‌زار كرێكاره‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌مه‌ هه‌ژار سه‌رۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی كردن له‌ كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ کۆنفڕانسێکدا به ‌ناونیشانی "ڕه‌وشی كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوانگه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كان و ئاریشه‌ و چاره‌سه‌رییه‌كان"‌ له‌ هه‌ولێر گوتی: ڕه‌وشی كرێكاران به‌ تایبه‌ت و به‌ دیاریكراوییش كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خراپه‌ و هۆكاری ئه‌مه‌ش پێشێلكاری مافه‌كانیانه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ئاماره‌كانی پێشێلكارییه‌كانی دژ به‌ كرێكارانی بیانی ڕوونی كرده‌وه:‌ "ئاماره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پێشێلكارییه‌كان پێمان ده‌ڵێن ڕۆژ به‌ رۆژ زیادبوون هه‌یه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كاندا له‌ دژی كرێكارانی بیانی و ڕۆژانه‌ش به‌ندی له‌ به‌ندیخانه‌كاندا زیاد ده‌بێت و یه‌كێک له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌وشی ئه‌وان باش نییه‌ و ڕاسته‌ پرسه‌ دارایییه‌كه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی به‌ سه‌ر ئێمه‌ و كرێكارانی بیانیش هه‌یه‌ و له‌ هه‌ر وڵاتێک كه‌ به‌ قه‌یرانی داراییدا تێده‌په‌ڕێت، كوشتن و دزی و ڕووداوی ناجۆر و خراپه‌كاری زیاد ده‌بێت بۆیه‌ پێویستمان به‌ یاسا هه‌یه‌ له‌م بواره‌دا".

حه‌مه‌ هه‌ژار گوتیشی: "له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌روو 22 هه‌زاری كرێكاری بیانی هه‌ن، چه‌ندین جۆر پێشێلكاری دژ به‌م كرێكاره‌ بیانیانه‌ ئه‌نجام ده‌درێ، له‌ لێدان، لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرت، ئه‌شكه‌نجه‌دان، به‌ندكردن، پاره‌ پێنه‌دان و خۆدزینه‌وه‌ له‌ ئیقامه‌ و شتی دیكه‌ش، هه‌روه‌ها ده‌ستدرێژی و كڕین و فرۆشتنیش به‌ كرێكارانه‌وه‌ ده‌كرێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52467

Your Comment

You are replying to: .
captcha