بەرهەم ساڵح: پشت لە ئێران ناکەین/ کاتی خۆی ئێران ئامێزی بۆ ئاوارە عێراقییەکان کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆککۆماری عێراق لە دانیشتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار وتوویەتی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەهەند وەردەگرن و بەبۆنەی عیلاقاتی قووڵیانەوە هەرگیز پشت لە ئێران ناکەن و لەو دۆخە دژوارە ئابوورییەدا یارمەتیی ئەو وڵاتە دەدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ یەکشەمە 10ی ئاداری 2019 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار میوانداری کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی ئێران بوو و لەبارەی سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانییەوە قسەی کرد.

سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی سەردانەکەی ڕۆحانییەوە ڕایگەیاند: "پێش سێ مانگ من سەردانی تارانم کرد و لەوێ لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران و سەرۆککۆمار و بەرپرسانی فەرمی دیدارم کرد و سەردانەکەی ئێستای سەرۆککۆماری ئێرانیش بۆ قووڵ کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە و هیوادارم ئەم سەردانە ببێتە وێستگەی قووڵکردنەوەی عیلاقاتی نێوان ئێران و عێراق.

بەرهەم ساڵح گوتیشی لە سەردانەکەی ڕۆحانیدا لە سەر دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق و هەموو خاڵە هاوبەشە فەرهەنگی و سیاسی و ئابوورییەکان گفتوگۆ دەکەن.

سەرۆککۆماری عێراق جەختیشی کردەوە: "عێراق هەرگیز نابێتە بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەگەرچی گەمارۆکان کارتێکەر دەبن بەڵام نابین بە بکەری گەمارۆکان دژی ئێران و بەپێچەوانەشەوە سوورین لە سەر ئەوە کە بەرژەوەندییەکانی تاران وەکوو ووڵاتێکی دۆست و دراوسێ پارێزراو بێت.

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە: عێراق ئامادەیە یارمەتیی ئێران بدات بۆ ئەوەی ئازار و گوشاری سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە کەم ببێتەوە.

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە قۆناغی ئاوارەبوونی عێراقییەکان کرد و ڕایگەیاند: لە سەردەمی ڕژیمی بەعسدا کە ئاوارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان کردە ئێران، هاووڵاتییانی ئێران و دەوڵەتی تاران باوەشی بۆ ئاوارەکان کردەوە و یارمەتیی گەلی عێراق و هەرێمی کوردستانیان دا و ئێستاش لەم قۆناغە دژوارەدا عێراق ئامادەیە قەرەبووی ئەو یارمەتییە بکاتەوە.

بڕیارە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بە سەردانێکی فەرمی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و مەرجەعی باڵای شیعەکانی ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە. هەر بەو بۆنەیەشەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئێستا لە بەغدایە و سەرقاڵی ڕێکخستن و ئامادەکاری کردنە بۆ سەردانەکەی ڕۆحانی.

News Code 52454

Your Comment

You are replying to: .
captcha