کوردپرێس:
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی و ئامەدەبوونی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و یەدەک و بەرپرسی لق و مەکتەبەکان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو،.
مەحموود محەمەد گوتەبێژی فەرمیی پارتی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا بۆ میدیاکان، رایگەیاند، کە ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بە بیر و را گۆڕینەوە هەیە، لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هاوکات ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چۆنییەتیی سەرۆکایەتیی هەرێم و راسپاردنی کابینەی نۆیەم، ئەوانە هەموو دەبێت قسە و باسیان لە بارەوە بکرێت.
مەحموود محەمەد، تیشکیشی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، وەک ئەو دۆخەی ئێستا ناوچەکە تێیدایە و کاریگەری زلهێزەکان تێیدا هەیانە، هاوکات ئەو ململانێیانەی ئەوان لە ناوچەکەدا هەیانە، تا چەندە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چوونکە هەرێم ناتوانێت بەدەر بێت لەو هەموو ململانێ و گۆڕانکارییانەی لەم ناوچانەدا روویان داوە، یا روو دەدەن، چ لە رووی سیاسی، چ لە رووی ئابووری، گوتەبێژی پارتی پێی وابوو دەبێت هەرێم بتوانێت بەرگەی هەموو ئەو ئەگەرانە بگرێت، بشزانن هەرێم لە کوێی ئەو هاوکێشە سیاسییانەدان و چۆن هەوڵ بدەن، کە زیان بە بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمانیمان نەگات.
وەک گوتەبێژەکەی پارتی رایگەیاند، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییان پەیوەست بووە، بەو رێککەوتننانەی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجام دراون، وەک بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانی، وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، لە پێناو ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە بووە، بۆ ئەوەی بزاوتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان جووڵەی پێ بکرێت، هەم بۆ ئەوانەی بەشداری کابینەی نوێ دەبن، هەم بۆ ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن، هەر یەکە لە ئاست خۆیدا بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر پێشهاتەکان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بزانێت.
مەحموود محەمەد هەنگاوەکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکان هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەگەڕێنێتەوە، کە سەردانی لایەنەکانیان کردووە، بەو لایەنانەیش کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن.
گوتیشی: "هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکهاتەی ئەم وڵاتەین، کەواتە پێویستە پێکەوە بیر لە چارەسهری ئەو گرفتانە بکەینەوە، کە هاتوونەتە پێش، ئەم قۆناغە بە هەستیار دەزانین، بۆیە پێویستە بە شێوازێکی تەندروست و سەردەمیانە خوێندنەوەی بۆ بکەین، تا نەهێڵین زیان بکەین".
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، مەحموود محەمەد لە پرێس کۆنفرانسەکەدا بۆ مێدیاکان رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی دەستیان پێکردووە لە رابردوودا، ئەم چەند رۆژەش کە دانیشتنەکان راوەستاون، چاوەڕوانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەن، کە خۆیان ساغ بکەنەوە، کە تەکمیلەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، لەو بەرکەوتەی کە بەشی ئەوانە، کاندیدی خۆیانی بۆ دیاری بکەن، دواتر رێککارەکانی دیکە وەک کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو تیشکیشی خستە سەر ئەو کارانەی ئێستا لەسەر شانی پەرلەمانە، وەک یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی ناو پەرلەمان، کە پێویست بەوەش دەکات فراکسیۆنی یەکێتییش بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بن، تا بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن چەند لیژنەیان بەردەکەوێت، یەکلا بکرێنەوە، دواتریش بۆ راسپاردنی سەرۆکی کابینەی نوێ لە پەرلەمانەوە ناو دەنرێت.
مەحموود محەمەد نەیشاردەوە لە چەند رۆژی دابێتدا، لەگەڵ یەکێتی دانیشتن دەکەنەوە، چاوەڕێی ئەوانن کە کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و بە پێی ئەو رێککەوتنەی پێشتر کراوە، پارتی ئاگادار بکەنەوە لە یەکلاکردنەوەی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، گوتیشی: "کات زۆر تێپەڕیوە، تێپەڕینی کاتیش بە زیانی پرۆسەکەیە و دەبێت هەموومان بە خەمیەوە بین".
سەبارەت بە دۆخی بەغداش، ناوبراو ئاماژەی دا، کە هەوڵ هەیە نێوان پارتی و یەکێتی لەمەڕ بەغدا یەکبخرێتەوە، ئەوەش بەشێکە لەو گفتوگۆیانەی مەسعوود بارزانی لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ کردوونی، هەروەها بابەتی پەیوەست بە کەرکووکیش لەو کۆبوونەوەیەدا باس کراون، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە، چۆنییەتیی رێککەوتنە لەسەر ئەو پرسانە.
گوتەبێژی فەرمیی پارتی، نەیشاردەوە، کە تا ئێستا لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی باسی وردەکاریی پۆستەکان نەکراوە، بەڵکوو ئەوە بۆ داهاتوو هێڵدراوەتەوە و ئەوەی لە پێشدا باس کراوە، تەنیا بابەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بووە.
ناوبراو گوتیشی: "چاوەڕێی یەکێتی دەکەین، کە لە چەند رۆژی دابێت، وەڵاممان بدەنەوە و دەست بە گفتوگۆکانمان بکەینەوە، لە بارەی ئەو وردەکارییانە، چوونکە پێویستە کابینەیێکی بەهێز دروست بکەین، کە ببێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەشی لەگەڵ بەغدا هەمانە، ئەوانیش چارە بکەین".
*لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگیراوە
Your Comment