ڕۆحانی: خواستی ڕێبه‌ر، ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مانی ئێران هاریکاریی دۆستانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆماری ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆماری ئێران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ خواست و ئیراده‌ی ڕێبه‌ر، ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مانی ئێران هاوکاریی دۆستانه‌ و نزیک له‌گه‌ڵ عێراقه‌ و له‌ به‌رانبه‌ردا سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراقیش ته‌ئکیدی له‌سه‌ر دژایه‌تیی ئه‌و وڵاته‌ کرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی هه‌ر جۆره‌ گه‌مارۆ و سزا بۆ سه‌ر ئێران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 6ی ئاداری 2019 دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی له‌ په‌راوێزی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ پارێزگای گیلان و له‌ دیدار له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر هاوکارییه‌ هاوبه‌شه‌کانی نێوان دوو وڵات کرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و گه‌شه‌ی هاوکارییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌کان و گوتیشی: سه‌ردانی به‌رپرسانی عێراق بۆ ئێران به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌ نزیکه‌ په‌رله‌مانییه‌کانی نێوان دوو وڵات کارتێکه‌رییێکی زۆری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق هه‌یه‌.

ڕۆحانی گوتیشی: ئاسایش و پاوه‌جێییی نێوان دوو وڵات به‌ یه‌کدییه‌وه‌ به‌ستراوه‌.

سه‌رکۆماری ئێران ئاماده‌ییی تارانی ده‌ربڕی بۆ هاوکاری له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ گشت بواره‌کاندا و گوتیشی: په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویییه‌کانی نێوان دوو وڵات و ئاستی باڵای هاتوچۆی گه‌شتیار و زیاره‌تکار نیشانه‌ی به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانی نێوان گه‌لی دوو وڵاته‌.

ڕۆحانی سه‌رکه‌وتنی عێراق به‌ سه‌ر داعش، به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکه‌وتوووانه‌ و پێکهێنانی په‌رله‌مان و ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی پیرۆزبایی کرد و ئاماده‌ییی ئێرانیشی ده‌ربڕی له‌ ڕووی ئابوور و ژێرخانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاریکاریی نێوان دوو وڵات زیاتر له‌ ڕابردوو په‌ره‌ بسێنێت.

لای خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ته‌ئکیدی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی په‌ره‌پێدان به‌ هاوکارییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق کرده‌وه‌ و گوتیشی: عێراق دژ به‌ سه‌پاندنی هه‌ر جۆره‌ گه‌مارۆ و سزا بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌.

ناوبراو ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵ و پشتیوانییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد به‌ بۆنه‌ی یارمه‌تیدانی عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان و ڕاشی‌گه‌یاند: پێمانوایه‌ که‌ په‌ره‌پێدان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هاریکاریی نێوان ئێران و عێراق یارمه‌تییێکی زۆر به‌ پاوه‌جێییی ناوچه‌که‌ ده‌دات.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52399

Your Comment

You are replying to: .
captcha