کوردپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەمە 5ی ئازاری 2019 بەبۆنەی یادی 28 ساڵەی ڕاپەڕینەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردە سەر زەروورەتی پاراستنی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین و پتەوتركردنی بنەما و پایەكانی كوردستانێكی بەهێز و هەروەها لێكگەیشتن و تەبایی و یەكڕیزیی زیاتری هەموو لایەنە كوردستانییەكان.
هەر لە پەیامەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقیش کردووە کار بۆ حکوومەتێکی سەقامگیر بکەن کە تێیدا ڕێز لە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق گیرابێت.
دەقی پەیامەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری كوردستان،
ئەمڕۆ بیست و هەشت ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئازاری 1991 دا تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شكۆدارەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم كوردستانیانی ئازیز بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دەكەین.
ڕاپەڕین كە دەنگ و ئیرادەی گەلی كوردستان بوو بۆ ڕەتكردنەوەی ستەم و خۆسەپاندن بەسەر خواست و چارەنووسیدا، بە قوربانیدان و ماندووبوونی گەل و بە یەكڕیزی و یەكگرتووییی لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم پێكهاتە و چین و توێژەكانی، گەورەترین سەركەوتنی مێژووییی بۆ گەلەكەمان تۆمار كرد. هەر بەو یەكڕیزی و گیانی خۆڕاگرییە بوو كە لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان چەندین پیلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانی لە گۆڕ ناوە و چەندین ئاستەنگ و قەیرانی نەخوازراوی بە سەركەوتوویی تێپەڕاندووە.
كوردستانیانی ئازیز!
خەبات و خۆراگریی ئێوە بۆ هێنانەدیی ژیانێكی ئازاد و سەربەرزانە و دنیایێكی شارستانیی پڕ لە ئارامی و لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بووە. ژیانێك كە شایانی مێژووی دێرینی قوربانیدان و ماندووبوونی گەلە ستەمدیدەكەمان بێت لە قۆناغە جیاكانی خەبات و تێكۆشانی ئاشتیخوازانەیدا. خواستە ڕەوا و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراقی فیدراڵدا مافی سروشتی و دادپەروەرانەی خۆیەتی. عێراقێكی سەقامگیر و گەلێكی خۆشگوزەران زادەی سیستمێكی تەندروستی دیموكراسی و فیدراڵییە كە تیایدا دەستوور ڕێزلێگیراو بێت و هاوبەشیی ڕاستەقینە و مافی ڕەوای هەموو پێكهاتەكانی تێدا فەراهەم بێت.
كوردستانیانی خۆشەویست!
حكوومەتی هەرێمی كوردستان زادەی ئیرادەی نیشتیمانیی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانییەوە و یەكێكە لە دەستكەوتە بەهادارەكانی ڕاپەڕین، پاراستن و پتەوكردنیشی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی سەرجەم لایەن و چین و توێژەكانی گەلەكەمانە. ئەم ئەركە ئەمڕۆ لە هەر كاتێك زیاتر لێكگەیشتن و تەبایی و یەكڕیزیی زیاتر لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەخوازێت.
دڵنیاین هیممەتی دڵسۆزانە و هەستی بەرپرسیاریەتیی لایەنەكان لە ئاستی ئەم ئەركە مێژووییەدا دەبن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین و پتەوتركردنی بنەما و پایەكانی كوردستانێكی بەهێز، وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدە قارەمانەكان و مێژووی پڕ لە قوربانی و سەروەریی گەلەكەمان و لەپێناو سەقامگیری، گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان، ژیانێكی سەربەرزانە، خۆشگوزەرانی، بەدەستهێنان و پاراستنی مافەكان بۆ كوردستانیان و ئایندەیێكی گەش بۆ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان و نەوەكانی داهاتوومان.
بەرز و شكۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری 1991.
دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
5-3-2019
Your Comment