ئه‌مریکا پشتیوانیی خۆی له‌ پرۆسه‌ی چه‌سپاندنی ئاسایش له‌ عێراق دووپات ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆماری عێراق له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و شاندی یاوه‌ری کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندی ئه‌مریکی پشتیوانیی خۆیانیان له‌ پڕۆسه‌ی چه‌سپاندنی ئاسایش له‌ عێراق دووپات کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی ئاداری 2019 نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ دینیس ناتالی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و شاندی یاوه‌ری کۆ بووه‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و واشنتۆن کرایه‌وه‌.

له‌ میانی دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح ڕایگه‌یاند: عێراق خوازیاری به‌ھێزکردن و په‌ره‌پێدانی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌تی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ گشت بواره‌کاندا به‌جۆرێک که‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ھاوبه‌شه‌کانی ھه‌ر دوو وڵات بکات.

سه‌رۆک کۆمار پشتیوانیی ئه‌مریکای بۆ عێراق له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر و ھاریکاری و به‌شداری کردن له‌ دۆسیه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان و دووباره‌ ئاوه‌دانکرنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێکه‌وتوووه‌کان به‌رز نرخاند.

هاوکات دینیس ناتالی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا پشتیوانیی وڵاته‌که‌ی بۆ پرۆسه‌ی چه‌سپاندنی ئاسایش و ئارامی له‌ عێراق دووپات کرده‌وه‌.

ناتالی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌شدارییێکی کارا ده‌کات له‌ پشتیوانی کردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ زێدی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یێک که‌ پێشتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ کراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52347

Your Comment

You are replying to: .
captcha