بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیڵو لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و موختارەکان لە شارۆچکەی پۆلاتلی سەر بە پارێزگای ئەنقەرە کۆ بووەوە و وتی: بەرنامەیێکمان بۆ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان داناوە. لەمەودوا ئەوان (پەکەکە) ناتوانن بە شاخەکانیشدا ھاتوچۆ بکەن. ناتوانن سەر دەربھێنن. لە مانگی ئایاری داھاتوو بەملاوە گشت جیھان باسی چۆنییەتی ئەم بەرنامەیە دەکات".
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سولەیمان سۆیلو زیادی کرد: "سەردانی زیندانەکان دەکەن، داوای ئازادی بۆ دەمیرتاش دەکەن، ئەمە کارێکی ھەڵەیە، ئێمە گوتمان 'پارتە سیاسییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی تیرۆریستی کۆ نابنەوە' بەڵام ئەمانە تێنەگەیشتن".
سولەیمان سۆیڵو راشیگەیاند کە ئەوان لە چیاکان بەرەنگاری تیرۆر دەبنەوە و گوتیشی: "رێژەی بەشداربوون لە ریزەکانی ئەو رێکخراوە زۆر کەمە. پێشتر رێژەی چوون بۆ ریزەکانی ئەو رێکخراوە ساڵانە بە ھەزاران ئاماژەی پێ دەکرا. لە ٢٠١٧ و ٢٠١٨ کۆی گشتی ٢٩٤ کەس چووەتە ریزەکانی پەکەکە. ژمارەی ئەو کەسانەی لەساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ خۆیان رادەست کردووەتەوە کۆی گشتی ٨٠٠ کەس بووە. ٣٥٠ کەس لەمانە بە رێگەی خانەوادەکانیان قایڵ کراون".
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی خۆرادەست کردنەوەی ئەندامانی پەکەکە گوتی: "تەنھا لە دوو مانگی رابردوودا، ٤٢ تیرۆریستی پەکەکە خۆیان رادەست کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی زستانیشە. ٢٧ کەسمان لەوانە بە رێگەی قایڵکردن ھێناوەتەوە و رادەستی دادگامان کردوون. ھاوکات تەنھا ١١ کەس چوونەتە ریزەکانی پەکەکە. ئیتر ھێزی ئەم رێکخراوە کۆتایی ھاتووە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیێکی زۆر، دەرکەوتووەتە کە لە ھەزاران ئەندامی پەکەکە کە خۆیان رادەست کردووەتەوە، تەنھا پێنجیان دووبارە چوونەتەوە ناو ریزەکانی پەکەکە".
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ینی ئاکیت
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment