وته‌بێژی HDP: ئه‌ردۆغان جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیای ده‌ست پێکردوووه‌

به‌شی تورکیا- وته‌بێژی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ لێدوانێکدا کاردانه‌وه‌ به‌ لێدوانی ئه‌مدواییه‌ی سه‌رکۆماری تورکیا پیشان ده‌دات و ده‌ڵێت: ئه‌ردۆغان جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای تورکیای ده‌ست پێکردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سارۆخان ئۆلچۆ وته‌بێژی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ لێدوانێکدا کاردانه‌وه‌ به‌ لێدوانی ئه‌مدواییه‌ی سه‌رکۆماری تورکیا پیشان ده‌دات که‌ ڕوو له‌ لایه‌نگرانی هه‌ده‌په‌ ڕای‌گه‌یاند "تورکیا به‌جێبێڵن و بڕۆن بۆ کوردستان" و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئێمه‌ جانتاکانمان ئاماده‌یه‌ و بلیته‌کانیشمان وه‌رگرتوووه‌. تاوه‌کوو چه‌ند ڕۆژی داهاتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانمان ده‌چین بۆ عێراق. تاکه‌ڕێگایێک که‌ هاوپه‌یمانێتیی پارتی داد و گه‌شه‌(AKP)- پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (MHP) بتوانێت له‌ پارێزگاکانی ئامه‌د، وان، ماردین و... سه‌ربکه‌وێت چوونی تێکڕای ده‌نگده‌رانی ئه‌و شارانه‌ بۆ عێراقه‌. پێده‌که‌نین به‌ڵام ده‌بێ بۆ ئه‌م دۆخه‌ فرمێسک بڕێژین. ئه‌م هه‌ڵوێستانه له‌لایه‌ن‌ هیچ ده‌نگده‌ر و مرۆڤێکه‌وه‌ قبووڵ ناکرێت. وته‌ی ئه‌ردۆغان که‌ ڕوو له‌ ئێمه‌ ڕای‌گه‌یاند "ون بن و بڕۆن" وه‌ک مێژوو له‌ مێشکی گه‌ل ده‌مێنێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی سه‌رکۆماری تورکیا قبووڵ ناکه‌ین.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئه‌ردۆغان ئه‌ده‌بیاتێکی هه‌ڵاوارده‌یییانه‌ به‌کار ده‌هێنێت. به‌م ئه‌ده‌بیاته‌ ڕق و کین له‌ کۆمه‌ڵگا زیاتر ده‌کات و به‌ شێوه‌ی ئاشکرا جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌م وڵاته‌ی ده‌ست پێکردوووه‌. ئه‌گه‌ر باسی پارچه‌پارچه‌بوونی وڵات ده‌کرێت، ئه‌ردۆغان به‌م ئه‌ده‌بیاته‌وه‌ خه‌ریکه‌ وڵات پارچه‌پارچه‌ ده‌کات‌ به‌تایبه‌ت له‌و میتینگانه‌ی که‌ له‌ قه‌راخی ده‌ریای ڕه‌ش سازیان ده‌کات به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ به‌کارده‌هێنێت چوونکه‌ ده‌یه‌وێت هاووڵاتییانی قه‌راخی ده‌ریای ڕه‌ش به‌ره‌وڕووی هاووڵاتییانی کوردی تورکیا بکاته‌وه‌.

ئۆلچۆ ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌ردۆغان له‌ میتینگی ساڵی 2013 له‌ ئامه‌د وشه‌ی کوردستانی به‌کار هێنا و چه‌ندین جاریش ئه‌و وشه‌یه‌ دووپات کرده‌وه‌. ئێستا به‌و که‌سانه‌ی که‌ وشه‌ی کوردستان به‌کار ده‌هێنن ده‌ڵێت "ون بن و له‌م وڵاته‌ بڕۆن". سه‌رۆک کۆماری تورکیا ناتوانێت به‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاستیی مێژوویی، جوگرافی و کۆمه‌ڵناسیی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ناو ببات.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ینی یاشام

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52326

Your Comment

You are replying to: .
captcha