کەنەدا ئیجازەنامەی بنکەیێکی فەرهەنگیی کوردی بەتاڵ دەکاتەوە

بەشی جیهان- دایرەی مالیەی کەنەدا ئیجازەنامەی بنکەیێکی فەرهەنگیی کوردی بەتاڵ دەکاتەوە هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە گوایا لە پێناو پارەدار کردنی پەکەکە کاری کردووە.

کوردپرێس:

ماڵپەڕی هەواڵی گولوباڵ نیوزی کەنەدا ڕایگەیاند دایرەی مالییەی ئەو وڵاتە بنکەی خێرخوازیی ئانادۆڵۆی داخستووە لە بەر ئەوەی بۆ پارەدارکردنی میلیشیاکانی پەکەکە کاری کردووە.

دایرەی مالییەی کەنەدا لە بەیاننامەیێکدا لە بارەی هۆکاری بڕیارەکەی ئەو دایرەیەوە نووسیویەتی گومان دەکرێت ڕێکخراوەکە یارمەتیی ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی دابێت کە کار بۆ پارەدارکردنی پەکەکە دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدا پەکەکە خراوەتە لیستی تیرۆریستییەوە.

بەپێی نووسراوی گلوباڵ نیوز ئیلهان ئۆلۆتاش بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خێرخوازیی ئانادۆڵۆ تۆمەتەکانی ڕەت کردۆتەوە و وتوویەتی دەنگی ناڕەزایی بەرانبەر بەو بڕیارەی دایرەی مالیە بەرز دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون دوو پڕۆژەی گەورەی ڕێکخراوە خێرخوازییە لە سووریا کراوە کە یەکیان کردنەوەی نەخۆشخانەیێک لە کۆبانێ و ئەوی دیکەشیان یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ ناوچەی لێقۆماوی عەفرین بووە.

بەڵام دایرەی مالیەی کەنەدا ئیدعای کردووە بەدواداچوونەکانی ئەو دایرەیە سەلماندوویەتی کە یارمەتیی وەرگیراو لە ڕێکخراوی ئانادۆڵۆ هەمووی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بۆ کاری خێرخوازانە سەرف نەکراوە و پێ دەچێت بەشێک لەو یارمەتییە بۆ گرووپ و ڕێکخراوی سەر بە پەکەکە سەرف کرابێت.

News Code 52320

Your Comment

You are replying to: .
captcha