80 خۆبه‌خشی نه‌وه‌ى نوێ له‌ به‌رده‌م دادگای سلێمانی ده‌ستگیر کران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یێک خۆبه‌خشی نه‌وه‌ى نوێ به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ سه‌رۆکی ده‌ستگیرکراوی ئه‌و حیزبه‌ چوونه به‌رده‌م دادگای سلێمانی زیاتر له‌ 80 که‌س و دوو گرووپی ڕووماڵ‌کردنی هه‌واڵی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئێن ئاڕتی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ژماره‌یێک خۆبه‌خش و لایه‌نگری نه‌وه‌ی نوێ چوونه‌ به‌رده‌م دادگای سلێمانی وه‌ک ناڕه‌زایییێک له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستگیرکردنی شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ی نوێ که‌ له‌ ئه‌نجامدا 80 که‌سیان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کران.

له‌ نێو ده‌ستگیرکراوه‌کاندا دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نى باڵای نه‌وه‌ى نوێ هه‌ن که‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ک له‌ ئارام سه‌عید به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ی نوێ و ڕێبوار ئه‌وڕه‌حمان به‌رپرسی میدیاییی جووڵانه‌وه‌که‌ و هه‌روه‌ها هه‌ورامان سه‌جادی به‌رپرسی ئۆفیسی گه‌نجانی نه‌وه‌ی نوێش ده‌ستگیر کراوه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ دواى ئه‌وه‌ دێت ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 3ی ئاداری 2019 له‌ دوای ده‌رچوونى فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ شاسوار عه‌بدولواحید، ناوبراو چووه‌ دادگای سلێمانی و وته‌کانی پێشکه‌شی دادوه‌ر کرد و دواتریش له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بڕیاری ده‌ستگیرکردن و مانه‌وه‌ی بۆ ده‌رکرا و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زاییی خۆبه‌خشانی نه‌وه‌ى نوێ و چه‌ند لایه‌نێکى سیاسی لێکه‌وته‌وه‌ و هه‌ندێک که‌سایه‌تی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگه‌یان به‌ بڕیارێکی سیاسی و کاردانه‌وه‌ به‌ ڕه‌خنه‌گرتنی ناوبراو له‌ سه‌روه‌ریی هه‌رێمی کوردستان و دوو حیزبی یه‌کێتی و پارتی وه‌سف کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52308

Your Comment

You are replying to: .
captcha