بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمریکا هاوپەیمانی 5 ساڵەی کوردەکانی سووریا خەریکی کشانەوەی هێزەکانیە لە سووریا، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڕەشەکانی بۆ داگیر کردنی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی ئەم وڵاتە چڕ دەکاتەوە. کوردانی سووریا پاش ئەوەی کە ئەمریکا ڕایگەیاند هێزەکانی لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە بەرپرسانی خۆیان ڕەوانەی فەڕانسا کرد بەو هیوایە کە فەڕەنسا ڕێگر بێت لە هێرشی گریمانە کراوی تورکیا.
بەڵام مایکل ڕووبین توێژەی بابەتی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا جەخت دەکاتەوە کورد نابێت پشت بە یارمەتی فەڕانساوە ببەستێت.
توێژەری باڵای ئەنستیتۆی ئەمەریکەن ئینترپرایز بە کوردپرێسی وت: " ڕاستە کە فەڕانسا ساڵانێکە پشتگیری لە کورد دەکات بەتایبەت لە سەردەمی دانیل میتران، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتەوە بەڵام کاتێک پرسی سووریا لە ئارادایە کورد نابێت زۆر دڵخۆش بە فەڕانسا بێت".
مایکل ڕووبین ئاماژە بە ئەولەویەتە ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوان فەڕانسا دەکات و زیادی دەکات: گرینگترین بابەت ئەمەیە کە شەڕی ناوخۆ لە سووریا کۆتایی پێدێت وهەوڵەکان بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی ئەم وڵاتە دەست پێدەکات کە بەشێک لە پارەکەی لە ڕێگای دیمەشقەوە دەگاتە سووریا. کێشەیێک کە کوردەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە ئەمەیە کە فەڕانسا پێشینەیێکی درێژخایەنی لە هەڵبژاردنی پارە بەسەر دۆستایەتیدا هەیە. بۆ نموونە دۆستایەتی کۆنی ژاک شیراک، سەرۆک کۆماری پێشووتری فەڕانسا لەگەڵ سەدام حسێن بێننەوە بەرچاو.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوڕێیکی متمانەپێکراو نییە بەڵام ئەمەش بەم مانایە نییە کە ڕووسیا و فەڕانسا دۆستێکی باشترن بۆ کوردانی سووریا.
مایکل ڕووبین لەبارەی داهاتووی کوردانی سووریا بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: "ئاشکرا و ڕاشکاوانە بڵێم؛ کوردەکان لە داهاتووی سووریا وەکوو هاوبەشێکی تەواو نایێنە ئەژمار".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment