کوردپرێس:
نووسینگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى عێراق بڵاوی كرده‌وه، له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ئیمانوێڵ ماكرۆن، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆمارى عێراق گه‌یشته پاریسى پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا.
هاوكات، واچاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه به‌رھه‌م ساڵح له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ژماره‌یێک دیدار و چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام بدات و له‌گه‌ڵ هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی و گه‌وره به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسا تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و چۆنێتیی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و فه‌ڕه‌نسا له گشت بواره‌کاندا بکات.
بڕیاریشه سبه‌ینێ و له كۆشكى ئیلیزێ به ڕێوڕه‌سمێكى فه‌رمى به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا پێشوازیی لێبكرێت و دواتر كۆبوونه‌وه و دیداره‌كان له‌نێوان به‌رپرسانى هه‌ردوولا ئه‌نجام بدرێن.
پێشتر وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى عێراق رایگه‌یاند: سه‌رۆک كۆمارى عێراق له 26ى شوبات و پاش سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ میسر، له‌سه‌ر بانگهێشتى ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانى پاریس ده‌كات و له كۆشكى ئیلیزێ پێشوازیى فه‌رمیى لێده‌كرێت.
ناوبراو وتیشى: له‌و سه‌ردانه‌یدا به‌رهه‌م سالح هه‌وڵى باشتركردن و به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌غدا و پاریس ده‌دات، هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌دا باس له دۆخى سیاسى و شه‌ڕى دژ به داعش ده‌که‌ن.
سه‌ردانه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح له کاتێکدایه پێش ئه‌وه‌ی بگاته پاریس به سه‌ردانێک چووه یۆنسکۆ و چاوی كه‌وت به ئودری ئه‌زولای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان بۆ په‌روه‌رده و ڕۆشنبیری و زانست "یونسكۆ" و له‌و دیداره‌شدا به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به گرنگیی کاره‌کانی یونسكۆ کرد له كه‌رته‌كانی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده و كۆمه‌ككردنی عێراق بۆ گێرانه‌وه‌ی ئاسه‌واره تاڵانكراوه‌كانی شاری بابل، هاوكات ڕۆڵی یونسكۆی بۆ دووباره بووژانه‌وه‌ی مووسڵ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق به‌رز نرخاند.
لای خۆیه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یونسكۆ جه‌ختی له ئاماده‌ییی رێكخراوه‌كه‌ی كرده‌وه له پشتیوانی كردنی عێراق له بواره‌كانی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده و گێرانه‌وه‌ی ئاسه‌واره تاڵانكراوه‌كانی و پاراستنی شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی، ھاوکات خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی به سه‌ردانه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ڕێکخراوی یونسکۆ وه‌ک یه‌كه‌م سه‌رۆک کۆماری عێراق.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment