به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری نه‌مسا و سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید و فه‌نلاند کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌ب و ئه‌ورووپا له‌ میسر، سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری نه‌مسا و سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید و فه‌نلاند کۆ بوویه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 24-2-2019 به‌رهه‌م ساڵح له‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی له ‌شه‌رم شێخ له‌گه‌ڵ ستیفان لۆڤن سه‌رۆكوه‌زیرانی سوید کۆ بوووه‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح له‌ میانی دیداره‌كه‌دا كه‌ هه‌ر یه‌ک له ‌وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و بازرگانی و ڕۆشنبیری عیراق ئاماده‌ی بوون ئاماژه‌ی به ‌پێویستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرد.

هاوكات له‌ دیداره‌كه‌دا تاوتوێی به ‌شداری كردنی كۆمپانیاكانی سویدی له ‌پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و وه‌به‌رهێنان له ‌بواره‌كانی ئابووری و نه‌وت و كاره‌بادا كرا.

دوای ئه‌و دیداره‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ سباستیان کۆرتس ڕاوێژکاری نه‌مسا کۆ بوویه‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی نێوان عێراق و نه‌مسا له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کان کرده‌وه‌ له‌پێناو خزمه‌تگوزاری به‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانی گه‌لی هه‌ر دوو وڵات.

له‌و دیداره‌دا به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستخۆشی له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کرد بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و ڕۆڵی نه‌مسای له‌ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ ئاواره‌ عێراقییه‌کان به‌رز نرخاند.

لای خۆیشیه‌وه‌ ڕاوێژکاری نه‌مسا پشتیوانیی وڵاته‌که‌ی له‌ سه‌قامگیریی عێراق دووپات کرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی به‌شداریی کۆمپانیاکانی ئه‌و وڵاته‌ کرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی که‌رتی پیشه‌یی و سه‌رمایه‌دانه‌ریی عێراق.

له‌ دیدارێکی دیکه‌ و له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیی عه‌ره‌ب و ئه‌ورووپا، به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ یۆها سیپیلا سه‌رۆک وه‌زیرانی فینلاند کۆ بوویه‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو لایه‌نه‌کانی نێوان عێراق و ئه‌و وڵاته‌ به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی گه‌لی دوو وڵات کرده‌وه‌.

سه‌رۆک کۆماری عێراق سه‌رمایه‌دانه‌ریی کۆمپانیاکانی فه‌نلاند له‌ بواری نه‌وت، وزه‌ و پیشه‌ی وڵات و به‌شدارییان له‌ پڕۆسه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێکه‌وتوووه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ زه‌رووری وه‌سف کرد.

لای خۆیشیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی فه‌نلاند پشتیوانیی وڵاته‌که‌ی له‌ جێگیربوونی سه‌قامگیریی عێراق دووپات کرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانیان کرده‌وه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات له‌ گشت بواره‌کاندا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52145

Your Comment

You are replying to: .
captcha