هێشتا ڕوون نییە کە فەڕەنسا و بەریتانیا پشتگیری لە کوردەکانی سووریا بکەن

بەشی جیهان- لەحاڵێکدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا باس لە دروست کردنی ناوچەی ئارام بۆ کوردەکان بە یارمەتیی بەریتانیا و فەڕەنسا دەکات، ئەم دوو وڵاتە هێشتا مەیلی خۆیان بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ سووریا نیشان نەداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا وەکوو خەیانەت کردن بە کورد ناوی لێبردرا، ئێستا دەڵێت بە یارمەتیی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی دەیهەوێت هێزی ئاشتی پارێز لە باکووری سووریا جێگیر بکات و بەرگری لە کوردەکان بکات هەمبەر هێرشی گریمانە کراوی تورکیا.

بەڵام تەلەفیزیۆنی فڕانس 24 لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیێنێت نە فەڕەنسا و نە بەریتانیا مەیلی ناردنی هێزی زیاتریان بۆ سووریا نییە، تەنانەت بەنیازن پاش کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئەوانیش هێزەکانیان لەو وڵاتە بکشێننەوە.

دیپلۆماتکارێکی فەڕانسی نزیک لە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بە ڕۆیتێرزی وتووە بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانان لە شەڕی داعش ئەمریکایە و وڵاتانی ئەورووپی بەبێ ئەمریکا نایانهەوێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن.

دیارە کە بەرپرسانی ئەمریکی دەرکیان بەم بێ مەیلیەی ئەورووپا کردووە چوونکە سیناتۆر لیندسی گراهام کە کەسێکی نزیک لە ترەمپە وتوویە ئەو هێزانە کە بڕیارە لە سووریا بمێننەوە ژمارەیان 400 کەسە و مومکینە 1000 هێزی دیکە تەڤڵی هێزەکانی ئەمریکا بن لە ئەورووپاوە یا هەر وڵاتێکی دیکە، کە بیهەوێت لە باکووری سووریا بوونی هەبێت.

وتراوە کە ژمارەیێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوان ئیمارات و سعوودیا یا میسر بژاردەی ئەمریکا دەبن. بەرپرسانی کوردی سووریا پشتر دانووستانیان لەگەڵ وڵاتی میسر ئەنجام داوە.

سیمۆن ئینگلیم مامۆستای زانستی جەنگ بە فڕانس 24ی وتووە کە فەڕەنسا و بەریتانیا توانای ناردنی هێزی زیاتریان بۆ سووریا و تەنانەت بەشدراییان لە شەڕدا هەیە بەڵام ئەزموونی ئەفغانستان و لیبی لەبەرچاو دەگرن و خۆیان بەم شەڕەوە ناگلێنن.

فابریس بالانشە مامۆستای زانستگای لیۆنی فەڕەنسا دوو حەفتە پێش ئێستا بە کوردپرێسی وت کە فەڕەنسا بەبێ ئەمریکا توانای ئامادەبوونی لە سووریا نییە و بەنیازە پاش ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52135

Your Comment

You are replying to: .
captcha