کوردپرێس:
ئەمڕۆ یەکشەمە 24ی شوباتی 2019 دەنگدان لە پەرلەمانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە چوو و لە ئەنجامدا مستەفا شەنتۆپ ئەندامی پەرلەمان لە پشکی پارتی دادوگەشەپێدان وەکوو سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
مەستەفا شەنتۆپ لەلایەن هەردوو پارتى گەلى کۆمارى (مەهەپە) و پارتى دادوگەشەپێدان (ئەکەپە) بەربژێر کرابوو بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا و دواى ئەوەى خرایە دەنگدانەوە لە سێیەمین کۆبوونەوەدا کە 542 پەرلەمانتار ئامادەی بوون، بە زۆرینەى دەنگ و بە 336 دەنگ وەک سەرۆکى نوێى پەرلەمانى تورکیا هەڵبژێردرا.
سەرپیل کەمالبای ئەندامی کوردی پەرلەمانی تورکیا لە پشکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) خۆی کاندید کردبوو کە 46 دەنگى پەرلەمانتارانى بەدەست هێنا.
هەرڵبژاردنى نوێى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا دواى ئەوە دێت کە پارتى داد و گەشەپێدان، بینالى یەلدرم سەرۆکى پێشوى پەرلەمانى کاندید کرد بۆ سەرۆکى شارەوانى ئیستەنبوڵ بۆ هەڵبژاردنى 31/3/2019 ى داهاتوو لە تورکیا.
لە گهڕی سێیهمی ههڵبژاردنی سهرۆكی پهرلهمانی توركیادا، سەرپیل کەمالباى کاندیدى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) 46 دەنگى بەدەستهێناوە، کاندیدى (جەهەپە) ئینگین ئالتاى 124 دەنگى بەدەستهێناوە، هەروەها کاندیدى ئی پارتى 33 دەنگى بەدەستهێناوەو سێ دەنگیش پوچەڵبوە.
Your Comment