کوردپرێس:
مەسەلەی زمان بوون یان زاراوە بوونی هەورامی بۆتە داڵغە و جێی موناقەشەی زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی مەدەنی و خاوەن بیران و ڕۆشنبیرانی ناوچەی هەورامان. پێناسە و تایبەتمەندییەکانی زمان لە زۆر ڕوانگە و بۆچوونی جیاوازەوە دەستنیشان کراوە و تەشکە و بیروبۆچوونی حیاواز لەو بارەیەوە زۆرن. نامێق هەورامی یەک لەو کەسانەیە کە بەردەوام داڵغەی زمانی بووە و لە وتارێکیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە باسی زمان بوون یان زاراوە بوونی هەورامیی ورووژاندووە.
دەقی وتارەکەی نامێق هەورامی:
رێکەوتى 21/ 2 هەموو سالێک وەکو رۆژى جیهانیی زمانى دایک، لە لایەن رێکخراوى یۆنسکۆى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان, دیاریکراوە. ئەم رێكخراوە لە کۆنگرەیێکیدا لە مانگى نۆڤەمبەرى ساڵى 1999, ئەم رۆژەى وەکوو رۆژى جیهانیى زمانى دایک ناوزەد کردووە. لە ساڵى 2000 بۆ یەکەم جار ئەم رۆژە مێژوویى و جیهانییە يادى كرايەوە. یۆنسکۆ هۆکاریى هەڵبژاردنى رۆژێکى جیهانیى بۆ زمانى دایک، گەڕاندەوە بۆ هاوكاريكردنى فرەچەشنى و فرەڕەنگیى زمان و کلتوورەكان.
هەر لەم روانگەيەوە، کۆمەڵەى گشتیى سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵى 2008 ى وەک ساڵى جیهانیى زمانەکان دەستنیشان کرد.
لەبەر رۆشناییی زانستیی زمان جیاوازی لەنێوان زمان و زاراوەدا نییە، هەموو زاراوەیێک بۆخۆی زمانێکە بە سیستمە دەنگییەکانیەوەم بە ڕێزمان و پێکهاتەکەیەوە، بە توانای ئەو بۆ گوزارشت کردن.
ئەگەر جیاوازیی زمانێک و زمانێکی تر لە تێگەشتن و شێوازی فەرمانەکان و گرامەرو فۆنەتیک بێت و ئاخێوەرانی زمانێک لە زمانێکی دیکە تێنەگەن، ئەمە لە هەندێ زاراوەشدا دەبینرێت بۆ نموونە زاراوەی خەڵکی بندوقیە و سەقەلیە کە سەر بە زمانی ئیتالین بەڵام هیچکام لەو دوو زاراوەیە لەیەکتر تێناگەن بەڵام زمانێکیان هەیە کە هاوبەشی هەردووکیانە.
کەواتە بوونی زمانێک دەتوانێت کێشەی لێک تێنەگەشتنی زاراوەکان چارەسەر بکات، بەڵام ئەگەر ئەو زمانە نەبوو ئەوکات چۆن دەبێت.
جەزائیرییێک و عێراقیێک بەدەگمەن دەتوانن لەیەکتر تێبگەن کە هەردووکیشیان عەرەبن، بەڵام زمانی عەرەبی، هەردووکیان کۆ دەکاتەوە.
(( اللهجات العربية نشأة وتطورًا- ص‍388, 389, دراسات في اللهجات العربية, ص‍5.))
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر هەورامییێک و کرمانجێک لێک تێنەگەن دەبێ چی بکەن؟
کەڵهوڕێک و زازایێک چۆن لەیەکتر تێبگەن؟
زمانێک نییە هاوبەش بێت لەنێوان ئەمانەدا کەواتە ئەمانە نابنە زاراوە.
ئەوەی مەبەستی سەرەکییە لەم باسەدا زانینی پەیوەندیی نێوان زمان و زاراوەیە، پەیوەندییەکەیان پەیوەندیی گشتییە بە تایبەتەوە، یان دەتوانرێت بگوترێت پەیوەندیی بەشێکە بە گشتەوە، چوونکە زاراوە بەشێکە لە زمان.
زمان
هەندێک پێیان وایە زمان، فاکتەرێكى هەرە سەرەكیى مانەوە و لە ناو نەچوونى نەتەوەكانە. لە هەمان کاتیشدا رەهەندێكى سەرەکیى پێكهاتنى شوناسى نەتەوەییە. لە سەدەى حەڤدەهەم بەدواوە، کە دەستپێكى سەردەمى مۆدێرنێتەیە، زمان وەك یەکەم توخمى پێکهێنەر و رێکخەرى هەر نەتەوەیێک چاوى لێ كراوە. هەرچۆنێك بێت زۆرن ئەو زمانانەى کە لەو سەردەمەدا بە هۆى بایەخنەدان و هۆکارى سیاسييەوە لە ناوچوون و بە کارهێنەرانى ئێستاکە بە زمانى نەتەوەیێکى تر قسە دەکەن. بۆ نموونە لە فەرانسا، ئەو زمانەى ئێستاکە هەموو کەس قسەى پێدەکەن پێش سەردەمی مۆدێرنێتە تەنیا 13 لە سەدی خەڵکی فەرانسا بەکاریان هێناوە. لەراستیدا نەتەوەی فەرانسی بەشێکی زۆری لەسەر ئەو 13 لە سەدە پێکهاتووە.
زمان کۆمەڵێک نیشانەی بڕیاردراوی ڕێسامەندە لە دەنگەکان یا نیشانەکانی گوتن و نووسین، کە لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤی سەر بە تاقمێکی کۆمەڵایەتی یا فەرھەنگییەوە بە مەبەستی دامەزراندنی پێوەندی (تێگەیاندن و تێگەیشتن) بەکار دێت. ئەرکی زمان پەیوەندی­گرتنە و دەربڕینی ڕا و ھەستی دەروون. دەکرێ بڵێین زمان سیستەمێکی ئاڵۆزە کە مرۆڤ بۆ ڕاگەیێنی بەکاری دەبات.
- زمان کۆمەڵە دەنگێکە هەر نەتەوەیێک بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی بەکاری دەهێنێت. "الدراسات اللهجية والصوتية عند ابن جني، الدكتور حسام سعيد النعيمي، منشورات وزارة الثقافة والإعلام، دار الرشيد للنشر، 1980 م."
زمانناسی ناسراوی ئەمەریکی ئەدوارد سابیر پێی وایە :" زمان هۆکارێکی مرۆڤانەیە بۆ گەیاندنی بۆچون و هەڵچون و ئارەزوەکان لەڕێگەی سیستمێکلە ئاماژەی دەنگی "
هەروەها دی سوسێر دەڵێت : زمان رێکخراوێکی سەربەخۆیە لە ئاماژە.
زۆرێک لە زمانەوانەکان ئەم دەستەواژەیە وا لێک دەدەنەوە بۆ تێگەیشتن لە زمان لەبەر بنەما زانستییەکانی زماندا، پێیان وایە ئاماژە مەرج نییە زمانی بێت بەڵکوو کردەیێکی مرۆڤانەیە مرۆڤ لەرێگەی ئەو ئاماژانەوە دەوروبەری لە دۆخێکی جێگیرەوە لەڕێگەی دەنگەوە دەگوازێتەوە.
واتە زمان پەیوەستە بە ناوچە و گرووپێکی دیاریکراوەوە، کەسێکی عەرەب دەتوانێت سروشتی جێگیر و دۆخی خۆی لەڕێگەی زمانەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوانی تر، هەروەها کەسێکی هەورامی یان زازا یان فارس و ....هتد
بە وتەی زۆرێک لە زمانناسە گەورەکان، ھیچ زمانێک گەورەتر و دەوڵەمەندتر نیە لە ویتر، بەڵکە ئاستی خزمەت­کردن و پاراستن و دەوڵەمەندکردن و ڕۆژەڤ کردنەوەیەتی، کە زمانێک بەرز دەکاتەوە و دەیکاتە سەرچاوە. ھەرچەند مرۆڤەکانی دونیا ھاوکات لە گەڵ پاراستنی زمانی دایکیی، پێویستیان بە زمانی پەیوەندی و لێک تێگەیشتن لە یەکتر ھەیە ھەم لە ئاستی ناوچەیی و ھەم لە ئاستی جیھانیدا. بەڵام گرینگی زمانی دایک لەوەدایە، کە مرۆڤ بەو زمانە بیر دەکاتەوە، خەون دەبینێ، گۆرانی پێدەڵێ چاکتر لە ھەر زمانێکیتر ھەستە نەوتراوەکانی خۆی پێ دەردەبڕێ و ئەوپەڕی چێژی لێ وەردەگرێ. ئێمە لێرە دایک و گوند و شار و نیشتیمانمان لە گەڵ خۆمان ھێناوە، تەنیا زمانمان لە گەڵ خۆمان ھێناوە، زمان دیاری دەکا نیشتمانی تۆ کوێیە.
زمان لەدیدی زۆرێک لە زمانناسەکانەوە زانینی گۆکردن و ئاماژەکانە، کەواتە نەهاتوون بڵێن زاراوە خاڵییە لە گۆکردن و ئاماژە، یان رونتر بگوترێت ئایا ئەوەی پێی دەگوترێت زاراوە ئەمانەی تێدا نین؟
ئەوە سەرەڕای ئەوەیە، کە ھەر زمانەی خاوەنی فەرھەنگ و کولتوور و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیەتی، کە وەک سەرمایەی مەزن و ڕەنگاڵەی مرۆڤایەتی دەبێ پێناسە بکرێ. زمان گرێدراویەکی زۆر قووڵ و بنەڕەتی ھەیە بە دەروون و کەسایەتی و شوناس و بایەخەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگاوە. پاراستن و پاکژ کردنەوە و زەنگین کردن و نوێ کردنەوەی ئەرکێکی گرنگی دەسەڵات و ڕێخرا و دامەزراوەکانی کۆمەڵگایە و لە ڕیزی یەکەمیاندا پەروەردە بە زمانی دایک مافێکی بنەمایی مرۆڤە.
زاراوە
لە لێکدانەوە زانستییەکانی زماندا بەمجۆرە زاراوە ناسێنراوە کە بریتییە لە کۆمەڵێک بنەمای زمانی و تایبەتە بە کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە، تاکەکانی ئەو کۆمەڵە لەسەری پێکهاتون و بەکاری دەهێنن. في اللهجات العربية: د/ محمد أحمد خاطر ص‍ ‍5, نقلا عن: مجموعة المصطلحات العلمية والفنية: 4/93.
کۆمەڵێک زاراوە پێکەوە زمانێک بەرهەم دەهێنن و ئەمانە دەبنە بەشێک لە گشت، واتە زمان دەبێت گشت و زاراوە دەبنە بەشێک لەم گشتە، ئەمەش پەیوەستە بە توانای ئەو زمانەی کە بتوانێت زاراوەکان پێکەوە ببەستێتەوە.
زاراوە رێگەیەکی دیاریکراوی زمانەوانییە لە ژینگەیەکی تایبەتیدا، کە ئەویش ژینگەی زمانە.
یان هەندێک پێیان وایە نەریتی قسەکردنی کەمینەیەکە لە گروپێکدا کە بەزمانێک قسە دەکەن.
دکتۆر محمد عید پێی وایە:" دابێکی لۆکاڵی تایبەت بە هۆزێک یان کۆمەڵە هۆزێکە کە ژینگەیەک کۆیان دەکاتەوە.
هەندێک لە توێژەران زاراوە وەک دوانەیەک دەبینن، هەندێکیان وەک زاراوەو هەندێک وەک زمانێکی سەربەخۆ ناساندویانە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگانەدا کە زمانی یەکگرتویان نییە.
زمانی کوردی
زۆرێک لە زمان ناسان و شارەزایانی زمانی کوردی زمان و ئاخافتننە جیاوازەکانی کوردستانیان دەستە بەندی کردوە بەڵام تا چە رادەێک خویان شارەزای زمانی کوردین و بە دورستی قەزاوەتیان کردوە؟
لە وڵاتی ئێمە کوردستان بە هوی نەبوونی نوسراوە و نەبوونی بنکەێکی تایبەت بۆ لێکوڵینەوەی زانستیانە بۆ دوزینەوەی بەڵگە مێژویەکان سەبارەت بە زمانی رەسەنی کوردی نەکراون
زمانی کوردی لە رووی ئیتمۆلۆجییەوە مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەو قسەیەش باوە کە زۆرێک لەوانەى بە مێژووى کوردەوە خەریک بوون دەڵێن ئەوەى کوردی لە لەناوچوون پاراستووە زمانەکەیەتی. بەهەرحاڵ سەرباری ئەوەى کە کورد زمانێکی یەکگرتووی نەبووەو چەندین شێوەزاری هەبووە، زمانی کوردی ناسیونالیزمی خاوەن شوناسی کوردی درووستی دەکات. بە دەربڕینێکی تر زمانی کوردی دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتووی کوردستان درووستی دەکات. کە ئەویش شێوەیەکی میکانیکی نییە لە درووستبوون بەڵکو لەگەڵ بەرهەمهاتنی دەوڵەتەکەدا ئەو زمانەش بە شێوەیەکی سرووشتی بەرهەم دێت. (( عەتا قەرەداغی- زمان و دەوڵەت))
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی کوردی ئەو زمانە ناوچەییانەن کە قسەیان پێدەکرێت لەناوچە جیاوازەکاندا؟
خۆ زۆرێک لەوانەی دابەشکاریان بۆ زمانی کوردی کردوە ئەم شێوەزمانانە بە لق دەزانن، ئایا ئەمانە لقی کام زمانن؟
جەعفەری شێخوالایسلام دەڵێت :بۆم هەیە بپرسم ، ئایا ئەو زمانە کوردیە هەر ئەو شێوە ئاخاوتنەیە کە لە دیاربەکر، سلێمانی، هەورامان، کرماشان یان مەهاباد قسەی پێدەکرێت؟ ئایا ڕێزمان، دەنگەکان (فۆنەکان) یان چۆنیەتی پێکهاتەی دەنگەکان (فۆنۆلۆژی) یان چۆنیەتی لێکدانی وشەکان (مۆرفۆلۆژی) ئەو زمانەی کە لە سلێمانی قسەی پێدەکرێت هەروەکو ئەو شێوە ئاخاوتنەی دهۆك یان هەورامانە؟
هەندێ پێوانە هەن لە زمانناسیدا وەکو، ئاگاداری شەخسی، ئاگاداری گشتی لێزانینی زمانناسییانە، بۆچونو بەرچاوتەنگی کولتوری و کۆمەڵایەتی یان سیاسی و، تەنانەت پیوانەی ئابووری. لێزانینی زمانناسییانە لە هەندێ بواردا یارمەتیدەرە بۆیە وشەی "زانستی" کارەکەی ئێمە یەکلایی دەکاتەوە. ئەو کەسانەی کە هەڵاوردنی زمان لە زاراوە بە ڕاست نازانن مەبەستیان ئەوەیە کە بە زانستیی نازانن. هەروەکو زمانناس (ماکس وەینرەیچ) قسەیەکی زۆر گەورەی هەیە سەبارەت بە جیاوازی زمان و دیالێکت دەڵێت " زمان ئەو دیالێکتەیە (زاراوەیە) کە خاوەنی سوپاو هێزی دەریایە"
ئەگەر لە روانگەی ئەو بوونە سادەیەوە سەیری زمانی کوردی بکەین ئەوە ئاشکرایە کە زمانی کوردی لە رووی ئیتمۆلۆجییەوە مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەو قسەیەش باوە کە زۆرێک لەوانەى بە مێژووى کوردەوە خەریک بوون دەڵێن ئەوەى کوردی لە لەناوچوون پاراستووە زمانەکەیەتی. بەوهەرحاڵ سەرباری ئەوەى کە کورد زمانێکی یەکگرتووی نەبووەو چەندین شێوەزاری هەبووە، بەڵام زمان لەسەر ئاستی ناوچەیی رۆڵی ئامرازی پەیوەندیکردنی بینیووە، بەڵام لەسەر ئەو جوگرفیایەى کە پێی دەگوترێت جوگرافیای کوردستان بە دڵنیاییەوە نە لە رابردووداو نە لە ئێستاشدا زمانی کوردی نەیتوانیووە بە تەواوەتی لە چوارچێوەى ئەو پێناسەدا خۆی بەرجەستە بکات کە دەڵێت: زمان بریتیە لە ئامرازی پەیوەندیکردن .
چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ناوی زمانی کوردییە تەنها ناوە، هاوکات بەئەو شێوە ئاخاوتنانە دەڵێن زاراوە، دوفاقەییەک لەم ناوەدا هەیە کە بەمەستی سیاسی یان ناوچەیی دەیانەوێت رێگە لە گەشەی زمان یان شێوەزمانەکانی تر بگیرێت، بەکوردی ناوەڕاست دەنوسن و دەڵێن ئەمە زمانی کوردییە، بەڵام دەشڵێن زاراوەی کوردی ناوەڕاست یان لەکرمانجی سەرەوەشدا ئەمە هەیە.
بەڵام ئەم مافە یان راستر بڵێم ئەم زەمینەیە کەمتر بۆ هەورامی و لەکی و کەڵهوڕی فەراهەم کراوە.
لەکاتێکدا هەورامی بەو هێزە زمانی و دێرینەییەتییەوە کە هەیەتی کۆمەڵێک نیازی پەراوێزخستنیانی هەیە، من لێرەدا لەبارەی هەورامییەوە دوو نمودە دەهێنمەوە:
- (دهخودا) لە کتێبی لوغەت نامەدا لە بارەی هەورامیەوە دەڵێت: "زبان هەورامی یک زبان مستقل می باشد کە دارای لهجە های مختلف بودە و در کردستان جنوبی رایج است و ساکنین در تول حیات تاریخی خود بدان تکلم نمودە اند وە دارای قواعد دستوری و غنای کامل در کلمات و اسوات می باشد و با وجود تغیرات در دوران تاریخی از کیفیت و لتافت و روانی ان کاستە نشدە است چون زبان عربی دارای قواعد و چارچوب محکم می باشد .
- خودادادی مورتەزایی لە زمانی موحەمەد تەقی بەهارەوە دەڵێت کە "هەنوکەش 80 لەسەدی ئاڤێستا دێتەوە سەر هەورامی ئێستا، کە لە کتێبی (سەبک شناسیدا) چەندەها وشەی وەکو موانان، شناسان، مواچان... بە نمونە دێنێتەوە و دەڵێت :هیچ ئاڤێستا شناسێک سەر لەم وشانە دەرناکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە نەخوێندەوارێکی هەورامی واتای ئەو ووشانە بەئاسانی تێدەگات.
لەدەرەنجامی ئەم باسەدا بەوە دەگەین کە:
- زمان و زاراوە جیاوازی بنەڕەتییان نییە.
- زمان نەبێت زاراوە نییە.
- لەکوردیدا زاراوەکان وەک پێیان دەگوترێت، ئیشی زمان دەکەن.
- ناکرێت ئەوەی بە کوردی ناوەڕاست و کرمانجی دەنوسرێت ناوبنرێت زمانی کوردی و بە هەورامیش بگوترێت زاراوە لەحاڵێکدا هەورامی خۆی زمانە.
Your Comment