بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆیێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە سەری ئاژەڵێک کە دیار نییە کەر بێت یان ئەسپ، لە دەرەوەی شاری سنە فڕێ دراوە و بەو ڤیدیۆیەش دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە گۆشتی ئەو ئاژەڵە لە قەسابخانەکانی شاری سنە فرۆشراوە.
موجتەبا وەرمەقانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژەڵپزیشکیی پارێزگای کوردستان لەو بارەیەوە ڕوونکردەنەوەی دا و ڕایگەیاند: یەکە یەکە قەسابخانەکانی شاری سنەیان بەسەر کردۆتەوە و لە هیچ قەسابخانەیێکدا شتی وایان نەبینیوە و هەموو ڕێستورانت و مامر فرۆشی و قەسابخانەکان لە ژێر چاودێریی ورددان و لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 2500 جار بەسەر کراونەتەوە.
ناوبراو سەبارەت گرتە ڤیدیۆکەش ڕایگەیاند: ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆکەدا هەیە سەری ئەسپە نەک کەر و پێ دەچێت بە هۆی نەخۆشی یان هۆکارێکی نادیارەوە سەربڕدرابێت و سەری ئەسپەکە لە دەرەوەی شار فڕێ درابێت و پێوەندیی بە کوشتارگا یان قەسابخانەکانەوە نییە.
وەرمەقانی دووپاتی کردەوە: "هەموو هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیەی بڵاو بۆتەوە هیچ شتی وا نییە و قەسابخانەکان گۆشتی تەندروست و پاڵێوراو بە چاودێریی ئیدارەی ئاژەڵژزیشکی بە هاووڵاتییان دەفرۆشن.
سەرەڕای ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژەڵپزیشکیی پارێزگای کوردستان ئەو پرسیارە لای هاووڵاتییان دروست بووە کە ئەگەر گۆشتی ئەو ئاژەڵە نەفرۆشراوە لاکەکەی لە کوێیە؟ بۆ تەنیا سەری ئەسپەکە یان کەرەکە لەوێ کەوتووە؟ ئەی گۆشتەکەی چیی بەسەر هاتووە؟
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژەڵپزیشکیی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا لەو قەسابخانانە گۆشت بکڕن کە ئیجازەی فەرمییان هەیە و گۆشتی تەندروست بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن. هەروەهاش داوای کرد ئەگەر هاووڵاتییان نموونەیێکی گومانلێکراویان بینی کورتە پەیام بۆ ڕەقەمی 1512 بنێرن یان خود پێوەندی بە ژمارە مۆبایلی 09187392350 بکەن.
Your Comment