کوردپرێس:
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گفتوگۆیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی لیژنەیێکی 7 کەسی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێکهێنراوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیاتر لە 70 زیندانیی ئێران و کوردستانی کە 40 کەسیان لە هەولێرن و 30 بۆ 35 گەس لە سلێمانی زیندانی کراون و 5 زیندانیی کوردیش لە ئێران بەند کراون.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی لەو باریەوە بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی کونسوولگەریی ئێران داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بکرێت فەرترەیێکە خەریکین ئەو زیندانییانەی ئێرانی کە بە هۆی مادە هۆشبەرەکان گیراون و هەم لە زیندانی هەولێر و هەم لە زیندانی سلێمانی هەن ئاڵوگۆڕ بکرێن و ئێستاش مەوافقەت کراوە زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن بەڵام لیژنەیێک پێکهێنراوە خوێندنەوە بۆ دۆسیە تۆمارکراوەکانیان دەکات بۆ ئەوەی دۆسییەکان تەواو بکرێت و کەموکوڕیی حوکمی حاکمی نەبێت و مافی خەڵکی لا نبێت ئەو کات کە دۆسیەکان تەواو کران ئاڵوگۆڕەکە دەکرێت".
ناوبراو لە بارەی ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکەشەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: لەگەڵ نوێنەری کونسووڵخانەی ئێران زیندانییەکان دێنینە سەر سنوور و ڕادەستی برادەرانی ئێرانی دەکەین و ئەگەر زیندانیی ئێمەش لای ئەوان بێت وەریان دەگرین.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی لەبارەی ژمارەی زیندانییان بۆ ئاڵوگۆڕکردن بە کوردپرێسی وت: "ئاماری وردمان لا نییە بەڵام تەوەقوع دەکرێت 40 کەس لە هەولێر بێت و 30 بۆ 35 کەسیش لە سلێمانی. ژمارەی زیندانییەکانی هەرێمیش کە لە ئێرانن بە پێی مەعلووماتی ئێمە 5 کەسن. بەڵام ئێمە داوامان لە وەزارەتی دادی ئێران کردووە ئەگەر کەسانی دیکەش هەبن کە سەر بە هەرێم بن و شموولی ئاڵوگۆڕییەکە بکەن ئەوانەش بنێرنەوە.
ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاتی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانیش ڕایگەیاند چاوەڕوانی تەواوکردنی دۆسیەکان دەکەن کە لە وەزارەتی دادی هەرێم کارەکانی تەواو دەکرێت ئەوکات حکوومەتی هەرێم ئامادەی ئاڵوگۆڕەکە دەبێت.
Your Comment