یەکگرتووی ئیسلامی هەوڵ بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتیی هەرێمی کوردستان دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا بە توندی ڕەخنەی لە سیستەمی بڕیاردەریی و دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان گرت و جەختی کردەوە لەسەر تێکۆشانی حزبەکەی بۆ گۆڕانکاری لە بارودۆخەکەدا.

کوردپرێس: دانووستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان حزبە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردندا درێژەی هەیە و هەوراز و نشیوی زۆری لەبەردەستدایە. گفتوگۆیێک کە بە تێپەڕبوونی پێنج مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەک هەر بە ئەنجام نەگەیشتووە، بەڵکوو ڕووبە زیاتر بوونی ململانێکان دەنێت. لەم نێوانەشدا یەکگرتووی ئیسلامی کە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕاگەیاندوو، جەخت دەکاتەوە لەسەر سووربوونی خۆی بۆ دروست کردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی دەسەڵاتدرایدا.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵویستی حزبەکەی لەسەر گفتوگۆکانی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەڵێت: ئێمە بڕیارمان داوە ئۆپۆزیسیۆن بین، ئۆپۆزیسیۆن بوونیشمان واتا گوڕانی ئەو سیستەم و شێوازەی کە حوکمڕانیی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە هیوادارین ئەو ڕێککەوتن و گفتوگۆیانە دەکرێت لەنێوان حزبەکاندا لە خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت نەک بۆ بەدەست هێنانی پلە و پۆست و قازانجی حزبی.

شێرکۆ جەودەت لەبارەی بەرنامەکانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ چورا ساڵی داهاتوو وتی: ئەولەویەتی ئێمە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانە کە هەموو فەرمانبەرێک ئیستیحقاق و مووچەی خۆی وەربگرێت چوونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو سیستەمە قەیرانێکی گەورەی دروست کردووە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، دووهەم ئەولەویەتمان بۆ دەستووری کوردستانە و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی واتا سیستەمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتە جیاوازەکان، هەروەها ئەولەویەتێکی دیکەی ئێمە بۆ پاکەیجی چاکسازییە کە بندیوار و فرەمووچە و دامەزراندنی نایاسایی نەهێڵین.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەولەویەتی دیکەی هەموار کردنەوەی یاسای وەبەرهێنانە کە قەیران و کێشەی گەورە و قورۆخکاری دروست کردووە لە وەبەرهێناین هەرێمی کوردستان.

شێرکۆجەودەت وتیشی پڕۆژەکانمان لە خەمی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە بڕیارمان داوە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی بوێر و پیشەیی بین و سڵ نەکەینەوە لە بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و هەرچیمان پێبکرێت ئەیکەن بۆ فشار کردن بەمەبەستی باشتر کردنی دۆخەکە و لە کۆتاییدا ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندیی خەڵکی لێبکەوێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئێمە قەناعەتمان وایە کە پەرلەمان هی هەموومانە کە بەرزترین دەزگای سیاسی و تەشریعییە لە هەرێمی کوردستان ئێمە دەمێکە فشار ئەکەین کە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان کۆتایی بێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبێت، سەرەنجام داوامان کرد کە سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ ببینەوە لەگەڵ سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخەی ئێستا.

ناوبراو وتیشی ئێمە بەشدرایمان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کرد بەڵام دەنگمان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەدا لەبەر ئەوەی کە قەناعەتمان وایە بەشێکە لە پاکەیجی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەکوو بینیمان لە خولی پێشوودا چۆن ڕێگری کرا لە سەرۆکی پەرلەمان و چەندین پێشێلکاریی پێڕەوی فەرز کرا بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان لەلایەن لایەنە دەرەکیەکانەوە ئەو سیستەمەمان پێقبووڵ نییە و ئەو شێوازەمان پێقبووڵ نییە بۆیە دەنگمان پێنەدا، لەبەر ئەمە هیوادارین لایەنەکانیش ناکۆکییەکانیان لە خزمەتی خەڵکدا کۆتایی پێبهێنن و پەرلەمان کارا بکەنەوە.

شێرکۆ جەودەت لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنە لە هەرێمی کوردستان و حاکمیەتی ئێستای هەرێمی کوردستانی پێقبووڵ ناکرێت و ڕەتی دەکاتەوە.

حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52121

Your Comment

You are replying to: .
captcha