کوردپرێس: دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستانی عێراق بۆ دیاری کردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان ڕۆژی 18ی شوباتی 2019 به‌رانبه‌ر به 23ی ڕێبه‌ندانی 97 تابلۆیێکی ڕوونی له ناکۆکی و ململانێی سیاسیی نێو ماڵی کورد پیشان دا که پاش نزیکه‌ی 5 مانگ له دوای هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی په‌رله‌مان ئێستاش هیچ هێمایێکی دڵخۆشکه‌ر له پێشکه‌وتنی پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ ده‌رناخات. نموونه ئاشکراکه‌ی ئه‌و بێ‌هیوایییه‌ش ئه‌وه‌یه پارتی ئاوڕی له داواکارییه‌کانی یه‌کێتی بۆ دواخستنی کۆبوونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌مان نه‌دایه‌وه و نه‌ک هه‌ر دانیشتنه‌که به‌ڕێوه‌چوو به‌ڵکوو ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانیش به بێ یه‌کێتی هه‌ڵبژێردران و کورسیی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان به په‌رله‌مانتارێکی ژنی فراکسیۆنی پارتی پڕ کرایه‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌و شانازییه‌شی له یه‌کێتی سه‌نده‌وه که یه‌که‌م سه‌رۆک په‌رله‌مانی ژن له کوردستان پشکی یه‌کێتی بێت. ئه‌گه‌رچی هێمن هه‌ورامی جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان وتوویه‌تی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان ئیستیحقاقی یه‌کێتییه و له ئه‌نجامدا هه‌ر بۆ یه‌کێتی ده‌بێت به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش که سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه هه‌ڵبژێردرا ئه‌وه‌ش له کاتێکدا که یه‌کێتی بایکۆتی دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مانی کردبوو ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر گرفتێکی قووڵی نێوان پارتی و یه‌کێتی. هێمن هه‌ورامی له هه‌مان لێدواندا گوتبووی: باڵه‌کانی نێو حیزبی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ یه‌ک ناکۆکن و هۆی به‌شداری نه‌کردنیشیان له دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مان هه‌مان ڕاجیاوازی و ناکۆکی له‌سه‌ر به‌ش کردنی پۆسته‌کان بوو. ئه‌م لێدوانه‌ی هێمن هه‌ورامییش دیسان وه‌کوو لاواز کردن و په‌راوێزخستنی یه‌کێتی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت و هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه که به بێ به‌شداری کردنی یه‌کێتییش پڕۆسه‌ی سیاسی ناوه‌ستێت و حکوومه‌ت پێک ده‌هێنرێت له کاتێکدا ئه‌و بابه‌ته پێشتر مومکین نه‌بوو.
ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردوووه و کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری گرنگی هه‌ژاندوووه که هه‌ندێکیان بریتین له ناکۆکیی نێوان یه‌کێتی و پارتی، دانیشتنه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژێردرانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی به بێ به‌شداری کردنی یه‌کێتی، مه‌له‌فی که‌رکووک و کۆمه‌ڵێک ده‌نگۆ له‌باره‌ی ناکۆکیی نێوخۆی حیزبی یه‌کێتی و گریمانه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ت به بێ به‌شداری کردنی یه‌کێتی.
ده‌قی دیمانه‌که لێره بخوێنه‌ره‌وه:
کوردپرێس: نوێترین ڕووداوی گفتوگۆکانی نێوان یه‌کێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت ئه‌وه بوو هه‌ردوولا ڕێککه‌وتنێکی 18 خاڵییان په‌سه‌ند کرد. یه‌کێتی چۆن ده‌ڕوانێته ئه‌و ڕێککه‌وتنه؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و 18 خاڵه نه‌گه‌یشتینه ڕێککه‌وتن له‌به‌ر ئه‌وه جیاوازیمان هه‌بوو له‌سه‌ری. ئێمه ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یێکی سیاسیمان پێشکه‌ش کرد که تێڕوانینێکی تێیدا بوو هه‌م بۆ چۆنیه‌تیی حوکمڕانی و سیسته‌می سیاسی له کوردستان و هه‌م بۆ سیاسه‌تی کورد له ناوچه جێناکۆکه‌کاندا که په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه. ئه‌وانیش پڕۆژه‌یێکیان هه‌بوو بۆیه لیژنه‌یێکمان دروست کرد بۆ لێکگه‌یاندنی پڕۆژه‌کان و لێکنزیکبوونه‌وه له حاڵێکدا ئێمه زۆر ناکۆک بووین ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک بوو و هه‌مان مه‌سه‌له‌ش بوووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م کێشانه‌ی به ده‌ره‌جه‌ی ئه‌ساسی لێکه‌وته‌وه. به قه‌ناعه‌تی ئێمه ده‌بێ کۆتایی به‌و دۆخه ناسروشتییه بهێنرێت که ئێستا له که‌رکووک هه‌یه و ده‌بێت به‌پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی پارێزگارێکی کوردی یه‌کێتی هه‌ڵبژێردرێت به‌ڵام پارتی به‌داخه‌وه به گه‌ره‌نتییه‌وه ئه‌مه‌ی بۆ ئێمه نه‌سه‌لماند بۆیه کێشه‌ی دیکه‌شی به‌دوادا هات و ئه‌وه بوو که په‌رله‌مان دانیشت و ئێمه به‌شداریمان نه‌کرد.
کوردپرێس: هۆکار چییه که پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه مه‌له‌فی که‌رکووک و به گشتی هه‌ولێر و به‌غدا به‌یه‌که‌وه بلکێنێت؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: دیاره هۆکاره‌که‌ی لای خۆیانه به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانین ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی پارتی له‌باره‌ی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووکه‌وه جیاوازه. ئه‌وان ده‌ڵێین ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین تاکوو به‌غدا بڕیارێک له‌وباره‌یه‌وه بدات به‌ڵام ئێمه سیاسه‌ته‌که‌مان جیاوازه و ده‌ڵێین ده‌بێت ده‌ستپێشخه‌ری بکه‌ین و پارێزگارێکی کورد له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنی هه‌موو لایه‌نه‌کان به تورکمان و عه‌ره‌ب و کورده‌وه دیاری بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخ و باری ژیانی هاووڵاتییان ده‌ست پێ‌بکات.
کوردپرێس: ئایا پارتی له گفتوگۆ فه‌رمییه‌کاندا به تایبه‌ت ئه‌م مه‌له‌فه‌وه که باستان کرد داوای پارێزگای که‌رکووکی بۆ خۆی کردوووه؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: نه‌خێر. قسه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه بوووه ئه‌وان په‌له‌یان نییه له‌م مه‌سه‌له‌یه و داوا ئه‌که‌ن له جێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێک ئێستا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دابنیشێت و ڕێوشوێنێکی دیکه بگرێته‌به‌ر. ئه‌وه‌ش قسه‌یێکه کراوه و هیچ گه‌ره‌نتییێک نه‌دراوه ئه‌گه‌رچی به گوفتار وتراوه هاوکاریی یه‌کێتی ئه‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگارێک دابنین به‌س گه‌ره‌نتییێک نه‌دراوه که له‌سه‌ر ئه‌رزی واقێع دروست ببێت.
کوردپرێس: هیوای ئه‌وه هه‌یه له ڕێگای به‌غداوه بارودۆخی که‌رکووک ئاسایی بکرێته‌وه و ئێوه‌ش کۆبوونه‌وه‌کانتان ده‌ست پێبکه‌ن؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: هه‌موومان هیواخوازین له هه‌ر چی شوێنێکه‌وه ببێت کار بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک بکرێت. ئاسایی نه‌کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک زۆری خایاندوووه و ده‌بێ له ئه‌نجامدا به‌پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی پارێزگارێکی کورد و له ناو کوردیش‌دا یه‌کێتی بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر کورد لێک نزیک بێت و دواتر به‌غدا هاوکارمان بێت ئه‌وا باشتره.
کوردپرێس: له دانیشتنه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی په‌رله‌ماندا یه‌کێتی به‌شداریی نه‌کرد و که‌سێکیش بۆ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا. ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌که‌ی په‌رله‌مان به کراوه‌یی بمێنێته‌وه مه‌رجتان بۆ به‌شداری کردنی دانیشتنه‌کانی داهاتوو چییه؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: مه‌رجی ئێمه زۆر زۆر ئاسایی بوووه. مه‌رجه‌که‌مان ئه‌وه بوو به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می حوکمڕانی له هه‌رێمی کوردستان پێویستی به ئیتیفاقی سیاسی هه‌یه له نێوان حیزبه‌کان. ئێمه‌ش به‌رنامه‌یێکمان هه‌یه و پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی ڕێکبکه‌وین. ئێسته‌ش ده‌رگاکان کراوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکبکه‌وین. هه‌م ورده‌کارییه‌کانی حوکمڕانی له کوردستان و هه‌م سیاسه‌تی هاوبه‌شمان له که‌رکووک و ناوچه جێناکۆکه‌کان و هه‌م سیاسه‌تیشمان به‌رانبه‌ر به به‌غدا یه‌ک بخه‌ین تاکوو کورد له‌م ناوچه‌یه‌دا سیاسه‌تی هه‌بێت بۆ هه‌موو ته‌وه‌ره‌کان. قسه‌ی یه‌کێتی ئه‌مه‌یه ناو ماڵی کورد کاتێک یه‌ک بخرێت له که‌رکووک و ناوچه‌ی جێناکۆک و به‌غدا و ناوچه‌که‌شدا یه‌ک قسه‌مان ده‌بێت.
کوردپرێس: ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی پارتییه‌وه بڕوانینه به‌شداری نه‌کردنی یه‌کێتی له کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌رپرسانی فه‌رمیی ئه‌و پارته و به‌تایبه‌ت میدیاکانیشیان ڕای‌ده‌گه‌یێنن بایکۆت کردنی دانیشتنی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه په‌یوه‌ندیی به ناکۆکیی باڵه‌کانی یه‌کێتییه‌وه بوووه. وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و قسه‌یه چییه؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: ڕاسته ئێمه‌ش هه‌ندێ قسه‌مان گوێ لێ بوووه به‌ڵام هه‌موو ئه‌و قسانه ته‌واو ته‌واو ناڕاستن. ئێمه تا ئێستا نه‌هاتووین قسه له‌سه‌ر پۆست و ناولێنان له که‌سه‌کان بکه‌ین چوونکه هێشتا بۆ ئه‌و قۆناغه زوو بوو. قۆناغی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌کانی دیکه ڕێکبکه‌وین ئینجا قسه له‌سه‌ر پۆسته‌کان بکرێت. ئێسته‌ش بارودۆخی ناوخۆی یه‌کێتی به ده‌ره‌جه‌یێک یه‌ک ئاراسته و یه‌کانگیره که یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه هیچ کێشه‌یێک بۆ ئێمه دروست ناکات.
کوردپرێس: ئایا پێشبینی ده‌که‌ن ئه‌م وتانه و ئه‌م ڕێکنه‌که‌وتنه چه‌ند بخایێنێت؟ به ڕای ئێوه حکوومه‌ت تا که‌ی پێک ده‌هێنرێت؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: من ناتوانم ئه‌و پێشبینییه بکه‌م به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم نه له به‌رده‌م ئێمه و نه له به‌رده‌م پارتی و نه له به‌رده‌م هیچ لایه‌نێکی دیکه‌ش هیچ ڕێگه‌یێک نییه غه‌یری ئه‌وه‌ی پێکهاتنی حکوومه‌ت به دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن و ڕێگای ئاشتییانه و مه‌ده‌نییانه ده‌بێت به یه‌کتر بگه‌ین. پێشتریش کێشه‌مان هه‌بوووه به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌که‌مان و به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌که‌ش واده‌خوازێت ئێمه پێک بێین بۆیه به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌چین و له ئه‌نجامیشدا هه‌ر پێک دێین.
کوردپرێس: ئه‌گه‌ر پارتی مل به داواکارییه‌کانی ئێوه نه‌دات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه حکوومه‌ت پێکبهێنێت یه‌کێتی چی ده‌کات؟
له‌تیف شێخ عومه‌ر: من ناتوانم له جیاتی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی وه‌ڵامی ئه‌گه‌رێکی له‌و جۆره بده‌مه‌وه به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم که حوکمڕانی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا به بێ یه‌کێتی حکوومه‌تێکی موسته‌قه‌ڕی خزمه‌تگوزاری ته‌عدیل‌که‌ر له خواسته‌کانی هاووڵاتییان نابێت.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment