به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه 20ی شوباتی 2019 نامه‌یێكی نهێنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرا بوو كه تێیدا باسی له ڕه‌خنه تونده‌كانی تیمێکی پسپۆڕی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا کردبوو له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و هه‌موو ساخته‌كاری و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ته‌ی باڵی به سه‌ردا كێشابوو و له‌مباره‌وه كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌یاننامه‌یێكی بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبوون به شه‌فافییه‌ته‌وه، بۆ هه‌ڵبژاردنی مانگی ئایاری ڕابردوو چاودێری بیانی و نێوده‌وڵه‌تیان بانگهێشت كردبوو له نێویشیاندا نێرده‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و له ئه‌نجامیشدا كۆمیسیۆن ڕاپۆرتی سه‌رجه‌م ئه‌م نێرده و چاودێرانه له‌به‌رچاو ده‌گرێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا باس له ڕاپۆرته‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كراوه و تێیدا هاتوووه: "له‌باره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كه له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به فرا‌وانی بڵاو بووه‌ته‌وه، كۆمیسیۆن سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی تێر و ته‌سه‌ل ئاماده بكات و به فه‌رمی وه‌ڵامی هه‌بێ و له‌مباره‌وه له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ڕاپۆرته‌كه بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه".
شایانی باسه؛ ڕاپۆرتی تیمه‌كه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق خۆی له (34) لاپه‌ڕه‌دا ده‌بینێته‌وه و باس له باكگراوندی سیاسی و یاسایی‌ی هه‌ڵبژاردن، كۆسپ و ته‌گه‌ره و كێشه‌كانی پێش و پاش هه‌ڵبژاردن ده‌كات که ڕووبه‌ڕووی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ چۆنێتیی به‌ڕێوه‌چوون و ئیداره‌دانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكی نه‌رێنی تایبه‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن خراونه‌ته ڕوو له‌وانه‌ش نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و هه‌روه‌ها نه‌بوونی پێداچوونه‌وه‌ی ورد به سیسته‌می ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیای زانیارییه‌ی به كار هاتوووه له پڕۆسه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ گۆڕینی چه‌ند یاسایێک له كاتی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا و ئاماژه به‌وه‌ش کراوه که هه‌وڵ دراوه بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر ڕكابه‌ران و ده‌نگده‌ران به‌تایبه‌ت له ناوچه جێناكۆكه‌كانی وه‌ک که‌رکووک و مووسڵ و هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment