پرۆتۆکۆلی هاوپه‌یمانێتیی نێوان هه‌ده‌په‌ و پارته ‌كوردییه‌كان واژۆ کرا

به‌شی تورکیا- نوێنه‌رانی پارته ‌كوردییه‌كان و هاوسه‌رۆکانى هه‌ده‌په‌ پرۆتۆكۆڵى هاوپه‌یمانێتیی نێوانیانیان واژۆ کرد و هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ش ده‌ڵێت: ئامانجیان ئه‌وه‌یه ‌هه‌موو ئه‌و شاره‌وانییانه‌ به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌ كه ‌قه‌یوومیان به‌ سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی هه‌ینی 22ی شوباتی 2019 پرۆتۆکۆلی هاوپه‌یمانێتی له‌ نێوان هه‌ده‌په‌ و پارته‌ کوردییه‌کان واژۆ کرا و په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ گوتی: هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کان بۆ ئه‌وان زۆر گرنگه و ‌بۆ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش هاوپه‌یمانێتییان پێكهێناوه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: ئامانجیان ئه‌وه‌یه ‌هه‌موو ئه‌و شاره‌وانییانه‌ به‌ده‌ست بێنن كه ‌قه‌یوومیان به ‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت ژماره‌ی شاره‌وانییه‌كانیشیان زیاتر بكه‌ن.

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌م هه‌نگاوه‌ هاریكاری یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵین كه‌ ئێستا ئه‌م دیمه‌نه‌ ده‌بینین. باوه‌ڕمان وایه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕۆژئاوای توركیاش ده‌كات كه‌واته‌ ئێمه‌ ده‌توانین له‌ بواری یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنێین. له‌پێناو سه‌ركه‌وتن كه‌وتووینه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌. با ڕێگه‌ی هه‌موومان كراوه‌ بێت".

جێی باسه‌؛ بڕیاره‌ ڕۆژى 31ى ئازاری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانی تورکیا به‌ڕێوه‌ بچێت و له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ده‌په‌ و حه‌وت پارتی کوردی دیکه‌ی تورکیا هاوپه‌یمانیێكیان به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان ڕاگه‌یاندبوو و ده‌یانه‌وێت زۆرترینی شاره‌وانییه‌کان به‌ده‌ست بهێنن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52099

Your Comment

You are replying to: .
captcha