به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی به‌رگریی تورکیا له به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه که خلووسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی تورکیا که به یاوه‌ریی شاندێک سه‌ردانی واشنتۆنی کردوووه له‌گه‌ڵ پاتریک شاناهان بریکاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا کۆ بوویه‌وه.
ژێنڕاڵ یاشار گوله‌ر سه‌رۆک ئه‌رکانی هێزه چه‌کداره‌کانی تورکیا و ژێنڕاڵ جۆزێف دانفورد سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپای ئه‌مریکاش له‌و دیداره ئاماده بوون.
له دیداره‌که‌دا په‌یوه‌ندییه دوو لایه‌نه‌کانی ئه‌مریکا- تورکیا له ڕووی به‌رگری، ئۆپه‌راسیۆنی دژه‌داعش له سووریا و نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له پشتیوانیی ئه‌مریکا له یه‌په‌گه له باکووری سووریا خرایه به‌ر باس و لێکدانه‌وه.
وه‌زیری به‌رگریی تورکیا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی هاوکارییه دوو لایه‌نه‌کان له‌پێناو دابین‌کردنی یه‌کێتیی سیاسی و یه‌کپارچه‌ییی خاکی سووریا کرده‌وه و گوتی: تورکیا به‌رده‌وام و به ئیراده‌یێکی به‌هێزه‌وه به‌ره‌نگاری گرووپه تیرۆریستییه‌کان له‌وان داعش، په‌که‌که، یه‌په‌گه و په‌یه‌ده و جه‌ماعه‌تی گوله‌ن ده‌بێته‌وه.
له‌و دیداره‌دا دوو لایه‌ن جه‌ختیان له‌سه‌ر هاریکاریی ستراتێژیکی قووڵی نێوان دوو وڵات و هاوکارییه‌کانیان له ئه‌فغانستان، کۆسۆڤۆ، عێراق و چالاکییه هاوبه‌شه ده‌ریایییه‌کان له ناتۆ کرد و له‌باره‌ی به‌رده‌وامیی هاوکارییه‌کانی دوو وڵات له چوارچێوه‌ی ناتۆ ڕێککه‌وتن.
سه‌رچاوه: ته‌له‌فزیۆنی NTV
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment