به‌رهه‌م ساڵح: جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی كوه‌یت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق گرنگن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆككۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی كوه‌یت كۆ بووه‌وه‌ و چاودێری و جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقیشی به‌ گرنگ وه‌سف کرد که‌ له ‌كوه‌یت ‌به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ که‌ ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 20ی شوباتی 2019 د. به‌رهه‌م ساڵح له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا له‌گه‌ڵ خالید ڕه‌وزان وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی كوه‌یت و شاندی یاوه‌ری کۆ بووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له ‌پێویستی به‌هێزكردنی هاوكاریی بازرگانیی نێوان هه‌ردوو وڵات و چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشبردنی کرده‌وه‌ له ‌پێناوی گه‌شه‌كردنی ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، هاوكات چاودێری و جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراقیشی به‌ گرنگ وه‌سف کرد که‌ له‌ كوه‌یت ‌به‌ڕێوه ‌چوو.

له ‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی كرد به‌ خواستی عێراق بۆ كرانه‌وه‌ به‌ ڕووی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا له ‌گشت بواره‌كانی ئابوری و پیشه‌سازیدا به‌ جۆرێک كه‌ پێگه‌ی عێراق به‌هێز بكات و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌روه‌ها به‌شداریی وڵاتی كوه‌یتی له ‌یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوووه‌كان به‌رز نرخاند.

هاوكات وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی كوه‌یت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگیی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق دووپات کرده‌وه‌ و ئاماده‌ییی كۆمپانیاكانی كوه‌یتیشی بۆ وه‌به‌رهێنان و دووباره‌ بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری عێراق ده‌ربڕی.

هه‌روه‌ها له ‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چه‌ند بابه‌تی گرنگی نێوان هه‌ردوو وڵات كراون و جه‌ختیش له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و گۆڕینه‌وه‌ی پسپۆڕی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ گشت بواره‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52057

Your Comment

You are replying to: .
captcha