ڕووسیا پێداگری له‌سه‌ر پاراستنى مافى كورد له‌ سووریا ده‌كاته‌وه‌

به‌شی سووریا- گوته‌بێژی کۆشکی سه‌رۆکایه‌تیی ڕووسیا (کرملین) پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی مافی کورد له‌ سووریا ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ده‌بێت كورد له‌ داهاتووى سووریادا پێگه‌ى هه‌بێت و مافى ته‌واوى خۆى وه‌رگرێت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دیمیتری بیسكۆڤ گوته‌بێژی ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ دیمانه‌یێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی "حوریه‌ت"ى توركیا پێداگریی وڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر پاراستنى مافى كورد له‌ سووریا دووپات کرده‌وه‌.

ناوبراو له‌و دیمانه‌یه‌دا باسى ڕه‌وشى ژیانى ئاواره‌كانى كورد له‌ توركیا ده‌كات و ده‌ڵێت: "ده‌بێت ڕه‌وشی سووریا ئارام بكرێته‌وه‌ تاكوو ئاواره‌كان بێ دوودڵى و مه‌ترسییه‌وه‌ ڕوو له‌ وڵاته‌که‌یان بكه‌نه‌وه ‌و ژیانى ئاسایی له‌ چوارچێوه‌ى وڵاتێكى ئه‌مندا بگوزه‌رێنن."

وته‌بێژه‌که‌ی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرملین) سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ئاشكرای كرد: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مریكا نیازی كشانه‌وه‌ی نییه‌ له‌ سووریا و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیشی پاشه‌كشه‌ پێبكات پارێزگاری له ‌پێگه‌ی خۆی ده‌كات له‌ ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌دا.

بیسكۆڤ وتیشی: ئه‌مریكا ئامانجێكی درێژخایه‌نی له‌ سووریا هه‌یه‌ و پێده‌چێت له ‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له ‌ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه‌ كار بۆ پارێزگاری كردن له‌ هه‌ژموونی خۆی بكات له‌و وڵاته‌دا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52018

Your Comment

You are replying to: .
captcha