پارێزگاکانی هه‌ڵه‌بجه‌ و کرماشان به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی مه‌رزی شۆشمێ تاوتوێ ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ باس له‌ ئیمزاکردنی یادداشتنامه‌یێکی لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ پارێزگاری کرماشان ده‌کات له‌سه‌ر ‌گرنگیی جوگرافیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی (شۆشمێ- ته‌وێڵه‌) و كردنه‌وه‌ی بازاڕچه‌یێک له ‌ناوچه‌ی سازانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌SNNی وتوووه‌: پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ یادداشتنامه‌یێک له‌گه‌ڵ پارێزگای كرماشانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئیمزا کردوووه‌ و لێكتێگه‌شتن له‌ نێوان هه‌ر دوو پارێزگا ئیمزا كراوه‌ بۆ هاتوچۆ له ‌نێوانماندا و ئاسانكاری له ‌چه‌ند بوارێكدا ده‌كات.

ناوبراو ڕای‌گه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی بانگهێشتی پارێزگای كرماشان له كۆماری ئیسلامیی ئێران كرابووین، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یێكی گرنگ له‌ نێوانماندا كرا و وه‌فده‌كه‌مان گه‌ڕایه‌وه‌ و له ‌كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له ‌گرنگیی جوگرافیا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌رزی (شۆشمێ- ته‌وێڵه‌) و كردنه‌وه‌ی بازاڕچه‌یێک له ‌ناوچه‌ی سازانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرا.

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "یادداشتێكی (11) خاڵیمان ئاماده‌ كردبوو که‌ پاش گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان یادداشته‌كه‌ كرایه ‌(14) خاڵ و ئیمزایێكی‌ سه‌ره‌تای له‌سه‌ر كرا و چاوه‌ڕێین پله‌ی كۆتای وه‌ربگرێت به‌ جۆرێک كاته‌كه‌ی نه‌گاته‌ (40) ڕۆژ".

ئازاد تۆفیق سه‌باره‌ت به ‌ناوه‌ڕۆكی یادداشته‌كه‌ش ئاشکرای کرد: "لێكتێگه‌شتنه‌كه‌ بۆ لایه‌نی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. هه‌روه‌ها كارئاسانییه‌ بۆ بریندارانی چه‌كی كیمیایی به ‌بێ وه‌ره‌قه‌ و پاسپۆرت تا بچنه‌ پارێزگای كرماشان به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیمی پزیشكی زۆر باش له‌و پارێزگایه‌ هه‌یه‌ تایبه‌ت به ‌چاره‌سه‌ری بریندارانی چه‌كی كیمیایی".

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌شڵێت: ئومێد ده‌كه‌ین به‌ زووترین كات ئه‌و ڕێکكه‌وتنه‌ سه‌ره‌تایییه‌ ئیمزا بكرێت و بچێته‌ قۆناغی‌ جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ چوونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ باری ئابووری و ژیانی ته‌ندروستی و هاتوچۆی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52004

Your Comment

You are replying to: .
captcha