پارتی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەدەینەوە بە یەکێتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان ڕایگەیاند، هەر كاتێك لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوتن پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان پێ دەدەینەوە.

کوردپرێس:

دوای چەند کاژێرێک لە دواخستنی کۆبوونەوەکە، سەرەنجام پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ دووشەمە 18ی شوباتی 2019بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆ بووەوە. جگە لە فراکسیۆنی یەکێتی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. بەڵام دواتر فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش دانیشتنەکەیان جێهێشت. هێمن هەورامی رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئیستحقاقی یەکێتییە و لە نەبوونی ئەوان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەشێوەی کاتی بەربژێریان بۆ پۆستەکە دەبێت و هەرکات یەکێتی گەڕانەوە، ئەوکاتە پۆستەکەیان رادەست دەکەنەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتی پێی خۆش بوو دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بە هاوشانیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەنجام بدرایە، بەڵام یەکێتی بەشداریی دانیشتنەکەی پەرلەمانی نەکرد و بەوەشەوە هەر كاتێك لەگەڵ یەكێتی گەیشتنە ڕێككەوتن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەدەنەوە بەو حزبە وەك بەركەوتەی خۆیان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: دوای سی مانگ چاوەڕوانی و چەندین دانیشتن لەگەڵ یەكێتیدا، بەڵام لە دوای ساتەكانی دەستپێكردنی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەماندا بە داخەوە بڕیاری بەشدارینەكردنی دانیشتنەكەیان دا و كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەبوو.

ئەو وتانەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێكدایە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایگەیاند، تا ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی ئیمزا نەكرێت پرسی هەرێم و كەركووک و بەغدا یەك پاكێج نەبێت، حزبەكەی بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت ناكات.

News Code 52000

Your Comment

You are replying to: .
captcha