بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو پاریزەرانە لە راگەیێنراوێکیاندا بۆ ڕای گشتی بڵاویان کردۆتەوە و دەڵێن "ماوەی ٤٨ کاتژمێرە شێروان شێروانی لە زیندانی زرکا لەلایەن هیزێکی چەکداری نەناسراوەوە، بە بێ بڕیار و ئاگاداری دادگا گواستراوەتەوە بۆ شوێنکی نادیار، کە یەکێک بوو لەو ١٨ گیراوەی بە ماددەی ١٥٦ یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون".
دەشڵێن "بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی وەڵامی دادگاین بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی شێروان شێروانی و چالاکوانەکانی دیکە".
مانگی رابردوو دەیان کەس لە شیلادزێ و دهۆک دەستگیرکران بەهۆی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندانێک دژ بە بارەگایێکی سەربازی تورکیا لە ناوچەکە و دواتر گڕیان تێبەردا.
لەنێو دەیان گیراوی شیلادزێدا ژمارەیێکیان بە کەفالەت ئازادکران بەڵام ١٨ کەسیان هێڵرانەوە بەپێی مادەی ١٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتیان ئاراستە کراوە کە لەو مادەیەدا سزای لە سێدارەدان هەیە.
پارێزەرانی خۆبەخش دەڵێن: "هەموو لایێک لەو مەترسیە ئاگادار دەکەینەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵ گیراوەکان بە بێ بڕیاری دادگا لێدانە لە شکۆی دەسەڵاتی قەزا و سەروەری یاسا، نابێ چارەنووسی گیراوان شوێنبزر بکرێت و مافی زیندانی پێشێل بکرێت، تاوەکوو ڕاگیراوان بە بڕیاری دادگا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان تەواو دەبێت".
هەروەها پارێزەران دەڵێن "بۆیە چارەنووسی سەلامەتی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی دهۆکە، بە نیگەرانییەوە هەموو لایێک ڕۆژی یەکشەم چاوەڕوانی وەڵامی دادگاین بۆ چارەنووسی شێروان شێروانی و چالاکوانەکانی دیکەین، سەرەڕای ئەوەی ئێمە لای خۆمان چەندین ڕێکخراوی پەیوەندیدارمان لەو کەیسە ئاگادار کردۆتەوە".
سەرچاوە: هاووڵاتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment