نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان: هێرشه‌کانی تورکیا گیانله‌ده‌ستدانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیی هه‌رێمی لێده‌که‌وێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان له‌ عێراق ڕایگه‌یاند: له‌ بۆردومانى ده‌ڤه‌رى ئامێدى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن سوپاى تورکیاوه‌ ژماره‌یێک هاووڵاتى مه‌ده‌نى گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جینین هینیس نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان له‌ عێراق له‌ ڕاپۆرتێکیدا که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى پێشکه‌شى کرد گوتی: له‌ بۆردومانى فڕۆکه‌کانى تورکیا بۆ سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق ژماره‌یێک هاوڵاتى مه‌ده‌نى گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و بریندار بوون به‌ڵام تورکیا ده‌ڵێت شه‌ڕى په‌که‌که‌ ده‌کات.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ى به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان تورکیا و عێراق به‌هێز بێت تا به ڕرێگه‌ى گفتوگۆ و دیالۆگ کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

پێشتریش فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ڕای‌گه‌یاندبوو:‌ هه‌رێمی کوردستان 700 کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌ و تاوه‌کوو ئێستا سوپای تورکیا 398 جار هێرشی ئاسمانی کردۆته‌ سه‌ر ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و 425 جاریش هێرشی تۆپخانه‌یی بۆ سه‌ر هه‌رێم ئه‌نجام داوه‌ و خه‌سارێکی زۆر و قه‌ره‌بوونه‌کراوی به‌ گوند و ناوچه‌کانی نیشته‌جێبوون گه‌یاندوووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێنجشه‌ممه‌ 23ی کانوونی دووه‌می 2019 به‌هۆی بۆردومانی فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی تورکیاوه‌ له‌ گه‌لی ڕه‌شاڤه‌ی سنووری ناحیه‌ی دێره‌لوک دوو هاوڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هید بوون و دوو هاووڵاتی دیکه‌ش بێسه‌روشوێن بوون و دواتر دژی هێرشه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان، هاوڵاتییانی ناحیه‌ی شیلادزێ گرد بوونه‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران باره‌گای سوپای تورکیایان کۆنترۆڵ کرد و ده‌ستیان به‌ سه‌ر چه‌که‌کانیاندا گرت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51912

Your Comment

You are replying to: .
captcha