کوردپرێس:
ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری پارتی چوونە سلێمانی و لە مەکتەبی سیاسی لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی کۆبوونەوە.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "ئەو لیژنانەی لە پێکهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو دیدگا جیاوازانە بوو کە لەنێوان هەردوولادا هەبوو بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەنەکان زۆربەی هەرەزۆری کێشەکان چارەسەرکران و ئەمڕۆش ئەو بەشە کەمەی کە مابوو ئەویش چارەسەرکرا و گەیشتینە رێککەوتن. هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و هەروەها کەرکووک بە رێککەوتن یەکلایی بکرێنەوە".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو رەشنووسەی کە ئامادەکراوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی سبەی کۆبوونەوەیان هەیە و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت، ئێمە لای خۆمانەوە وەکو پارتی کۆتاییمان پێهێناوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت راوێژێکی زیاتر بکەن و دوای ئەوەش لە رێوڕەسمێکدا ئەو رێککەوتنە واژۆدەکەین، ئەم رێککەوتنە دووقۆڵییەی نێوان پارتی و یەکێتی ببێتە مایەی خێر و بووژانەوەی ئەو لایەنانەی کە بەلای خەڵکی کوردستانەوە گرنگن".
سەبارەت بە پرسی رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان، مەحموود محەممەد گوتی: "برادەرانی گۆڕان هێشتا لە تاوتوێکردنی پرۆژە هاوبەشەکەی نێوانمان تەواونەبوون، سبەی یەکلایی دەبێتەوە کە چۆنە و بە چ شێوەیەکە".
هەروەها سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەسەر پارێزگاری کەرکووک گوتی، رێککەوتووین کە پارێزگاری کەرکووک بە رێککەوتن دابنرێت. هەروەها بۆ پرسی وەزارەتی داد بڕیاردراوە کە ئەو پرسە لەلایەن کاک مەسعود بارزانی و یەکێتییەوە یەکلایی بکرێتەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 18ـی مانگ بەڕێوەبچێت، سەعدی پیرە گوتی: "دەبێت دامەزراوە شەرعییەکانمان چالاک بکەینەوە و هیچ لایەنێک باش ناکات کە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان خۆی بدزێتەوە، بۆیە یەکێتی لە کۆبوونەوەی 18ـی مانگی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی دەکات".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment