کوردپرێس:
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و گۆڕان لە پیرمام، ئاراس وەلی، ئەندامی شاندی دانوستاندکاری گۆڕان گوتی "کۆبوونەوەیێکی زۆر باش و جیدیمان کرد. ئەو تەوەرانەی باسمان کردن لە مەسەلەی پێکهێنانی حکوومەت و رێککەوتنی سیاسیمان و چ جۆرە حکوومەتێک بێت. بەڕای ئێمە پرسی چاکسازی لە هەموو جومگەکانی حکوومەتدا بکرێت، برادەرانی پارتی لەگەڵ هیچ خاڵێکدا لەگەڵ ئێمە ناکۆکییان نەبوو".
ئاراس وەلی گوتیشی "سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان هەنگاوی زۆر باشترمان ناوە، لەگەڵ ئەوەش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی راوێژ بکەین، هیوادارم لەم هەفتەیە موژدەی خۆش بە خەڵک بدەین".
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەوە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی "لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی گۆڕان دانیشتنێکی باشمان کرد. پێشتر کۆمەڵێک بابەت و بیرۆکە ئامادە و گەڵاڵە کرابوون، ئەمڕۆ بە نزیکەیی لە کۆتایی هەموو ئەو بیرۆکانەدا بووین؛ هەم لەسەر رێککەوتنی سیاسی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەم لەسەر چۆنێتیی شەراکەت لە حکومەتی ئاییندە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی باسمان کردن، کە بۆ کارنامەی کابینەی داهاتوو پێویستن زۆر لەیەکەوە نزیکین".
مەحموود محەممەد گوتیشی "ئەو خاڵانەی لەلای هەردوولامان گرنگە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و بژێوی خەڵک و چاکسازییەوە هەیە، خاڵی هاوبەشن. ئەوەی دەمێنێتەوە هەریەکە لای خۆمان راوێژێک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و خانەی راپەڕاندن بکرێت. دامان ناوە تاوەکوو رۆژی شەممە جارێکی دیکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببینەوە".
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕان، سبەی (هەینی 15-2-2019) شاندی پارتی لە سلێمانی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی رێککەوتنەکەیان و کۆبوونەوەکەی 18ـی ئەم مانگەی پەرلەمان بدەن.
Your Comment