کوردپرێس:
ماڵپەڕی "کورنە زایتۆنگ"ی نەمسا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: وەزارەتی ناوخۆی نەمسا بەکارهێنانی هێما و ئاڵای 13 گرووپ و ڕێکخراوی قەدەغە کردووە کە هەندێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە: ئیخوان، پەکەکە و نەتەوەخوازە توندڕەوەکانی تورکیا کە بە گورگە خاکییەکان ناسراون.
بەگوێرەی پەیڕەوی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتی نەمسا ئەو حوکمە لە ڕۆژی یەکەمی مانگی ئاداری 2019وە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و هەر تاکێکی ئەو وڵاتە پێچەوانەی ڕێنماییەکە بجووڵێتەوە تاوانی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و بڕی 4 هەزار بۆ 10 هەزار یۆرۆ سزای بەسەردا دەسەپێت.
ساڵی 2016 لە شاری ڤیەنی وڵاتی نەمسا لایەنگرانی پەکەکە و ئەندامانی گرووپی گورگە خاکییەکانی تورکیا تێکهەڵچوون و ئەو ڕووداوەش کارتێکەر بوو لە بڕیاری حیزبی ئازادیی ئەو وڵاتە بۆ تێپەڕاندنی یاسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێما و ئاڵاکانی ئەو دوو گرووپە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە، حکوومەتی نەمسا مەسەلەیێکی دیکەشی لەبارەی تورکیاوە بەدەستەوەیە ئەوەش هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی ئەردۆغان بوو کە ساڵی 2016 پاش کوودەتای بێئەنجامەکەی تورکیا ڕووی دا و بابەتەکەش زۆر جیدییە و جێگری حیزبی ئازادیی نەمسا وتبووی پێویستە ئەو تورکانەی لە نەمسا دەنگیان بە ئەردۆغان دابوو هەموویان بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا.
Your Comment