هێشتا هەولێر و بەغدا لەسەر نەوتی هەرێم ڕێکنەکەوتوون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تائێستا هەرێم بەفەرمی راینەگەیاندووە كە رۆژانە چەند بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت هەرێم و بەغدا لەسەر ڕادەست كردنی نەوت نەگەیشتوون بەڕێككەوتن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕاگەیاند: بەگوێرەی زانیارییەكان، هەرێم و بەغدا لەسەر رادەست كردنی نەوت نەگەیشتوون بەڕێككەوتن، چوونكە وەفدی هەرێم كە سەردانی بەغدای كرد، داوای كردووە 50%ی نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، بەڵام بەغدا رازی نەبووە و داوای كردووە 60%ی نەوتەكەی رادەست بكات، ئەوی دیكەی بەشێكی بۆ قەرزی كۆمپانیاكان بێت و 10%یشی بۆ بەركارهێنانی ناوخۆیی بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، وتی: "بەغدا دەڵێ هەرێم 420 بۆ 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەفرۆشێت، بەڵام هەرێم دەڵی 350 بۆ 370 هەزار بەرمیل دەفرۆشێت، هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە نیوەی ئەو بڕەی خۆی ئاماژەی پێكردووە كە دەكات 175 بۆ 185هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بكات، بەڵام بەغدا رازی نەبووە".

لەلایەن خۆشییەوە، مەیادە نەجار ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ناتوانین بڵێین حكومەتی هەرێم رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات یان نا، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێن حكوومەتی هەرێم پابەندە بەهەموو بڕگەو ماددەكانی ناو بوودجەی 2019ی عێراق و تێبینی لەسەر هیچ خاڵێكی بوودجەكە نییە.

ناوبراو وتیشی:"گەشبینین بەوەی لە ئایندەیێكی نزیكدا بارودۆخی هەرێم بەرەو باشی دەڕوات و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەكات و ساتی خۆیدا دەگاتە هەرێم".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51886

Your Comment

You are replying to: .
captcha