ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا تەنها شەڕی داعش و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە حاڵێکدا عادل عەبدولمەهدی بە وەزیری بەرگری ئەمریکای راگەیاندووە رازی نابین هیچ بنکەیێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق هەبێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش دەڵێت ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە تەنها شەڕی داعش و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،لە بەغدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پاتریک شاناهان، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت کۆ بووەوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، جەنگی دژە تیرۆر و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەکردەوە: "عێراق پێداگیرە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، کە رۆڵی هەبووە لە بەرەنگابوونەوەی تیرۆر و داعش و پێویستە بە رێککەوتننامە سەرەکییەکانەوە ببەسترێتەوە، کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەشق و راهێنان کردن بێت بە هێزەکانی عێراق، نەک کاری دیکە". هاوکات دووپاتی کردەوە "رازی نابین هیچ بنکەیێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق هەبێت".

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە كردووە کە بڕیاری عێراق سەربەخۆییە، ناکەوێتە ژێر هیچ هەژموون و دەستوەردانی هیچ لایەنێک، عێراقیش کراوەیە بەڕووی وڵاتانی دەوروبەری عەرەبی و هەرێمی و سوورە لەسەر پەیوەندی و هاوکارییەکان، کە خزمەت بکات بە بەرژەوەندی عێراقییەکان و بەهێز کردنی دەرفەرتی بووژانەوە و سەقامگیری گەلانی ناوچەکە".

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی شانازی بە پەیوەندی هاوکاری لەگەڵ عێراق دەکات و ئاسوودەیە بە ئارامی و سەقامگیرکەی و گوتیشی: هاتووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ گوێی لە رای حکوومەتی عێراقی بێت لەبارەی سرووشت و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ڵات.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەشق و راهێنان کردن بە هێزەکانی عێراق و پشتوانی کردنیان بۆ لەنێو بردنی پاشماوەکانی داعش.

پاتریک شاناهان، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت ڕۆژی سێشەممە 12-2-2019،گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق کۆ بووەوە.

ئەمریکا لە عێراق پێنج هەزار و 200 سەربازی هەیە و راوێژ بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە دەکەن بۆ شەڕی داعش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51854

Your Comment

You are replying to: .
captcha