ئەمریکا نیگەرانە لە نزیک بوونەوەی کوردەکان و دیمەشق

بەشی جیهان- بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئەمریکا نیگەرانی ئەوەن کە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کە وەکوو خەیانەت ناوی لێدەبرێت، کوردەکان ڕێگای ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بگرنەبەر و بەم شێوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سووریا بکەونە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی کوردی سووریا نایشارنەوە کە هەواڵی کتوپڕی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەوانی نیگەران کردووە، بۆیەش بۆ ڕێگری کردن لە هێرشی تورکیا و پاراستنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ژێر کونترۆڵیان دەست دەکەنە دانووستان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.

ئیلهام ئەحمەد، لەبەرپرسانی باڵای کوردی سووریا کە بۆ ڕازی کردنی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا سەردانی واشنتن-ی کردووە، لە لێدوانێکیدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکادا بە ڕاشکاوی وتوویە: "هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بوو بە هۆی ئەوەی کە کوردەکان دانووستان لەگەڵ دیمەشق دەست پێبکەن کە ئەمریکا پێی خۆش نییە".

ند پرایس، لەبەرپرسانی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا «سیا» بە سایتی هیل-ی زمانحاڵی کۆنگرەی ئەمریکا وتوویە: من وابیر دەکەمەوە کە کوردەکان هەست دەکەن لە سووریا تەنها ماون. ئەوان وابیر ناکەنەوە کە ئەمریکا خەریک بێت ڕێگایێک بۆ پاراستنیان بدۆزێتەوە، ئەوەش پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.

ناوبراو لە درێژەدا نیگەرانیی خۆی لە ئینتیمای کوردەکان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا نیشان دا و زیادی کرد: ئەم کارەی کوردەکان لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە.

ند پرایس لەبارەی ئاوڕنەدانەوەی کوردەکان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وتی: ئەوان وادەزانن کە ئەمریکا چیدی بیر لە کوردەکان ناکاتەوە، لە ئەنجامدا ئەوانیش هەست بەوە ناکەن کە بەرپرسن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51817

Your Comment

You are replying to: .
captcha