کوردپرێس:
ڕیڤینگ هروری سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان بەSNNی ڕاگەیاند، "ڕۆژی 18ی 2ی 2019، سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن و هەر لەو ڕۆژەشدا سێ پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن".
لەبارەی دانیشتنی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش، سەرۆكی كاتیی پەرلەمان وتی:"لەدوای ئەو دانیشتنە، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم هەڵدەوەشێتەوە و دواتر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكرێتەوە، چوونكە سەرۆكی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت یان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە ڕادەسپێردرێت یان لەسەر داوای دادوەری گشتی، بەڵام ئاراستەكە بەرەو ئەوەیە سەرۆكی داهاتووی هەرێم ئەو كارە بكات".
ڕوونكردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند، "هەنگاوی دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كاری پەرلەمان بریتی دەبێت لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێم و پاشان ڕاسپاردنی سەرۆكی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم".
Your Comment