کوردپرێس:
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، ئەمساڵی بە ساڵی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی ناو برد و دەڵێت: "ساڵی رابردوو تەنیا چوار پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر كراونەتەوە، بەڵام بڕیارە ئەمساڵ ١٠ پێشانگای نێودەوڵەتی بكرێنەوە و یەكەم پێشانگاش لەم مانگەدا دەبێت".
سەرپەرشتیاری پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كاریگەرییەكی نەرێنییان كردبووە سەر رەوشی پێشانگا نێودەوڵەتییەكان و بە درێژایی ساڵانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و قەیرانی دارایی، ھیچ وڵات و كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو بەشداری لە پێشانگادا بكات".
ساڵی رابردوو بە ھۆی گەشەكردنی ئابووریی ھەرێمی كوردستانەوە، چوار پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر كراونەوە، بەڵام وەك شارەزایان دەڵێن، ئەمساڵ پێشبینیی گەشەیەكی زیاتری ئابووری دەكرێت و ساڵی سەركەوتنە بەسەر قەیرانەكاندا.
عەبدولڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بڕیارە ئەمساڵ ١٠ پێشانگای نێودەوڵەتی لەسەر زەویی پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی ھەولێر بكرێنەوە، ئەگەریش ھەیە ژمارەیان زیاتر بێت، یەكەم پێشانگای ئەمساڵ لە ٢٠ی شوباتەوە بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، لە مانگەكانی داھاتووشدا پێشانگای دیكە بەڕێوە دەچن، كە سەدان كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی لە وڵاتە جیاوازەكانی جیھانەوە بەشداری دەكەن".
لە ساڵانی رابردوو نزیكەی ٧٠ پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری ھەولێر بەڕێوە چوونە سەدان كۆمپانیا بەشدارییان تێدا كردوون، كردنەوەی پێشانگاكان كارئاسانی بۆ بازرگانان و كۆمپانیا نێوخۆیی و بیانییەكان كردووە بۆ ئیمزاكردنی گرێبەست و كردنەوەی لقی دەیان كۆمپانیای براندی جیھانی لە ھەرێمی كوردستان.
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم دەڵێت: "پێشانگا نێودەوڵەتییەكان كاریگەریی راستەخۆیان لەسەر گەشەكردنی كەرتی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان ھەیە، بە تایبەتی كۆمپانیا ناوخۆییەكان سوودێكی زۆر لە پەیداكردنی بازاڕ و بەشداریی كۆمپانیا بیانییەكان دەبینن، ئەمساڵ پلان ھەیە پێشانگا نێودەوڵەتییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا بن، ھەر لە كەرتی تەندروستییەوە بگرە تا نەوت و سامانە سرووشتییەكان".
*لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگیراوە
Your Comment